رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوبەشی هائاهەنگیی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، لە چەمچەماڵ و کەرکووک سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و لە چەمچەماڵ کەسێکی دیکە بێسەروشوێنە. هاوکات دەیان ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.
راپۆرتەکە کە رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، وردەکاریی زیانە گیانی و مادییەکانی لەسەر ئاستی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان خستووەتەڕوو.
چەمچەماڵ
کوڕێکی ئەو پیاوەی لە ناحیەی شۆڕش گیانی لەدەستدا: باوکم نوێژی نیوەڕۆ و عەسری کردبوو، دیواری مزگەوتەکە رووخابوو بە سەریدا و گیانی لەدەستدا pic.twitter.com/2VIwKUMKaZ
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 9, 2025
قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگەی سلێمانی، قورسترین زیانەکانی بەرکەوتووە، دوای ئەوەی لە تەنیا 3 کاژێردا (لەنێوان 11:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 2:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە) بارانێکی بەلێزمە باری و بووەهۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لافاوەکە گیانلەدەستدانی 2 هاووڵاتی لێکەوتەوە، کەسێک بەهۆی کەوتنە ناو لافاوەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوو و باری تەندروستیی ناجێگیرە. یەک کەسی دیکە بێسەروشوێنە. دەیان ئۆتۆمبێل لافاو بردوونی و زیانیان پێگەیشتووە. ئاو چووە نێو چەندین گەڕەک، ماڵ، دووکان و کۆگەوە.
هەر بەگوێرەی ناوەندەکە، هەردوو رێگەی سەرەکیی سلێمانی-چەمچەماڵ و کەرکووک-چەمچەماڵ داخران و سەتان کەس لە خاڵەکانی پشکنیندا گیریان خوارد. کارەبا و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە قەزاکە پچڕان.
کەرکووک
کەسوکاری بەیار، ئەو منداڵەی لە سنووری لەیلان خنکا، چوونەتە سەر چەمەکە و یەکێکیان دەڵێت، ئاو 5 کیلۆمەتر بردبووی pic.twitter.com/5HU7MVg0vY
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 9, 2025
لە پارێزگەی کەرکووک، سەرەڕای ئەوەی بڕی بارانبارین تەنیا 26.7 ملم بووە، بەڵام لافاو لە ناحیەی لەیلان بووەهۆی خنکانی منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ لە گوندی بەیانلوو بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.
ناوەندی هاوئاهەنگی دەڵێ، یەکێک لە پردەکانی گوندەکە رووخا و رێگەی نێوان کەرکووک و لەیلان داخرا. لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووکیش، ئاو چووە نێو قوتابخانەیەکەوە.
ئیدارەی گەرمیان
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هەرچەندە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام لافاو لە ناحیەی رزگاری زیانێکی مادیی زۆری لێکەوتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زیانێکی زۆر بەر بازاڕی ناحیەی رزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵەوە و رێگەی نێوان هەردوو قەزای کەلار و رزگاری گیراوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان جەختی کردووەتەوە کە ئەمە هەڵسەنگاندنی سەرەتاییە و تیمەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ قەبارەی زیانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ