رووداو دیجیتاڵ
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماری زیانی لافاوە سنوورەکەی راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە 2 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارەکانیش 12 کەسە و زیاتر لە 500 ماڵ و 100 دووکان زەرەرمەند بوون.
دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی کە ناوچەکەی گرتەوە، لافاوێکی گەورە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش دروست بوو و زیانێکی زۆری گیانی و مادی لێکەوتەوە.
قایمقامی چەمچەماڵ لە سەرەتای قسەکانی دا بۆ رووداو رایگەیاند: "بەداخەوە، بەهۆی کەشوهەوا و بارانی زۆرەوە، ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ تووشی رووداوی ناخۆش بووین، چ لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی (عومەر سەعید و بۆکان بەشارەت)، چ لە برینداربوونی 12 هاووڵاتی."
قایمقامی چەمچەماڵ قەبارەی زیانە مادییەکانی بە "زۆر" ناوبرد و گوتی، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دووکان زەرەرمەند بوون، هەروەها 5 فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە، لەوانە تاپۆ، نووسینگەی پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری، بەشێک لە پۆلیس و بینای قایمقامیەت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ئاو لە هەندێک شوێندا گەیشتە دوو مەتر.
قایمقامی چەمچەماڵ جەختی کردەوە کە خۆشبەختانە دۆسیە و بەڵگەنامە هەستیارەکان لە فەرمانگەکاندا پارێزراون.
رەمک رەمەزان راگرتنی دەوامی لە سنوورەکەدا راگەیاند و گوتی: "بەیانی کردوومانەتە پشوو لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، چ خوێندنی باڵا، بە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، چ پەروەردە. هەروەها لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکەش پشووە."
رەمک رەمەزان روونیکردەوە، ئەم بڕیارە تەنیا ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە کە "ئەمڕۆ راسپێردراون بەیانی بێنەوە دەوام بۆ ئەوەی شارەکە پاک بکەینەوە" و لیژنەکانی خەمڵاندنی زیانەکان کارەکانیان بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە، قایمقام گوتی، "بارانێکی بەخوڕ و بە لێزمە لە کاتێکی کەمدا باری،" لەگەڵ پێکهاتەی جوگرافیی چەمچەماڵ لەژێر بانی مەقان و ئەو قوڕ و لیتەیەی لەگەڵ ئاوەکەدا هاتبوو، هۆکاری سەرەکی بوون. قایمقامی چەمچەماڵ دەنگۆی تەقینی بەنداوی رەتکردەوە.
قایمقامی چەمچەماڵ سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بە خێرایی بەدەم کارەساتەکەوە چوون، بەتایبەتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و هەردوو پارێزگاری سلێمانی و کەرکووک؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر داوای ئەوان، پارێزگاری کەرکووک 7 ئامێری شارەوانی بۆ هاوکاری ناردووە و گوتی: "پێویستیمان بە ئامێرە."
رەمک رەمەزان سوپاسی گیانی "خۆبەخشی"ـی خەڵکی چەمچەماڵ کرد و گوتی: "هاونیشتمانی خۆی هاتووە، گوتوویەتی من شۆفەڵم هەیە، چ کارێکتان هەیە؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ