رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزیی ئەنفلەوەنزا، ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ پشوو راگەیێندرا. هاوکات لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامیش بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی پەتاکە، دەوامی قوتابخانە سەرەتاییەکان راگیران.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی قوتابییان و شکاندنی زنجیرەی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا، ئەمڕۆ سێشەممە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکە دادەخرێن.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هۆشداری دراوەتە هاونیشتمانییان و هاتووە: "پێویستە گرووپە هەستیارەکانی وەکو منداڵان، ئافرەتانی دووگیان، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان، ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵەوە بمێننەوە."
جیاواز لە ورمێ، لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام پشووەکە تەنیا قۆناخی سەرەتایی گرتووەتەوە.
عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی لیژنەی تەندروستی و بە رەزامەندیی مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، ئەمڕۆ سێشەممە قوتابخانە سەرەتاییەکان دەوامیان نابێت.
لە کرماشان خوێندن لە قۆناخەکانی ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆکان وەک رۆژانی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی تەندروستیی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی تووشبوونی ژمارەیەکی زۆری منداڵان بە ئەنفلەوەنزا، ئەمڕۆ سێشەممە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان (لە هەردوو دەوامی بەیانییان و ئێواران) دادەخرێن و خوێندن تێیاندا بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
لە مەریوان باران قوتابخانەکانی داخست
لە پارێزگای سنە، تەنیا لە شاری مەریوان پشوو راگەیێندراوە، ئەویش نەک بەهۆی ئەنفلەوەنزا، بەڵکو بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە.
لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە مەریوان رایگەیاند، بەهۆی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ بەردەوامیی بارانبارین و مەترسیی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامەکان، بڕیاردرا ئەمڕۆ سێشەممە تەنیا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکانی شارەکە پشوو بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە پارێزگای لوڕستان تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ پشوو نەدراوە و پرۆسەی خوێندن لە هەموو قۆناخەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ