کوردستان
بە گوتەی قایمقامی شاری ماکۆ، رۆژی 2ی ئەم مانگە سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولیی ژەهراوی گیانیان لەدەستداوە و 60 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری ماکۆ، سەر بە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، حەوت کەسیان دەستگیر کردووە کە مادەی کحولییان دروستکردووە و کارگەکەشیان داخراوە. لە رۆژانی رابردوودا لە شاری ماکۆ خواردنەوەی کحولیی ژەهراوی بووە هۆی گیانلەدەستدان و ژەهراویبوونی کۆمەڵیک هاونیشتمانیی خەلکی ماکۆ.
نادر کازمی، قایمقامی شاری ماکۆ رایگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا تیمێکی تایبەت پێکهاتووە بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونی خەڵک بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە بکات و 4000 لیتر خواردنەوەی کحولی دۆزراوەتەوە و کارگەیەکیش داخراوە کە کحولی ساختەی دروستکردووە."
بە گوتەی نادر کازمی، پەیوەست بەو دۆسیەیە، حەوت کەسیش دەستگیر کراون، لە دادگە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسیەکانیان ئێستا لە دادگەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سابر جەعفەری، داواکاری گشتیی شاری ماکۆ رۆژی 02-01-2024 رایگەیاندبوو، "سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە گیانیان لەدەستداوە." بە گوتەی قایمقامی شاری ماکۆ، 60 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کڕین و فرۆشتنی مادە کحولییەکان قەدەخەیە و نرخیان گرانە، بۆیە زۆرجار جۆری خراپ، ناستاندارد و دەستکرد بە خەڵک دەفرۆشرێت، ئەمەش لێکەوتەی تەندروستیی هەیە.
بەشێک لەوانەش بەناوی خواردنەوە کحولییە بیانییەکان دەفرۆشرێن و ساختەکارییان تێدا دەکرێت؛ یان خواردنەوە دەستکردەکان ئێتانۆڵیان تێدەکرێت، زیاتر مەستکەر بێت، بەڵام ئەگەر زیاد لە رادەی پێویستی تێبکرێت، زۆر مەترسیدار دەبێت. ئەم بابەتانە زۆرجار دەبێتە هۆی کوێربوون و دواجار مەرگی ئەو کەسەی دەیخواتەوە.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، ساڵانە لە ئێراندا 100 تاوەکو 120 کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیان لەدەستدەدەن.
لە ساڵی 2022دا 644 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە.
سەرەڕای قەدەخەبوونی کحول، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کحولی زۆریان تێدا دەخورێتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، لەنێو 189 وڵاتی جیهاندا ئێران پلەی نۆیەمی بۆ خواردنەوەی کحول هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ