رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) داوا دەکات زمانی کوردی بکرێتە فەرمی و دەڵێت، ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، زمانەکە لەنێو دەچێت. دەشڵێت، پێویستە خەڵک بایەخی زمانی کوردی بزانن و فێری بن و پێداگری لەسەر بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، هوداپار بە هاوئاهەنگی کۆمەڵەی پەروەردەکارانی ئێلیە-ی باکووری کوردستان، سیمینارێکی تایبەتیان بۆ زمانی کوردی رێکخست. تێیدا گفتوگۆ لەبارەی هاندانی هاونیشتمانیان کرا بۆ هەڵبژاردنی زمانی کوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی زمانی بژارە لە قوتابخانەکاندا. لە چەند پانێلێکدا ئاماژە بە گرنگی هەڵبژاردنی زمانی کوردی کرا بۆ قوتابیان. باس لە پاڵپشتی و هاوکاری لایەنە سیاسییەکان کرا لە کردنەوەی کۆرسی تایبەت بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربخرێت.
سەرکان رامانلی، پەرلەمانتاری هوداپار لە بازنەی ئێلیهـ بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو زمانی کوردی نەکرێتە زمانێکی فەرمیی، ئەم زمانە بە زیندوویی نامێنێت.
پەرلەمانتارەکەی هوداپار پێیوایە "نەنگییە" تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵەکانی تایبەت بە زمان و کەسایەتییەکان هەوڵی قایلکردنی خەڵک بدەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی هەڵبژێرن بۆ خوێندنی قوتابییەکانیان لە قوتابخانەکاندا.
سەرکان رامانلی گوتی: "پێویستە هاونیشتمانییان خۆیان بە جۆش و خرۆشەوە ناوی منداڵەکانیان لە خوێندنی زمانی کوردی تۆمار بکەن. بەڵام بەداخەوە 12 ساڵە خەڵک هەوڵی بۆ نادات."
سەرکان رامانلی گوتیشی: "مەبەستمانە خەڵکی زیاتر هۆشیار بکەینەوە. هەموو جۆرە چالاکییەک بکەین بۆ ئەوەی دەنگمان پێیان بگات و هانیان بدەین منداڵەکانیان خوێندنی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزار هەڵبژێرن. پێویستە ببێتە رۆژەڤی سەرەکیی هەموو تورکیا تا ئەو کاتەی دەکرێتە زمانی فەرمی."
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژارە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژارە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژارە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژارە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 ژمارەی ئەو قوتابییانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە لە خوێندنی وانەی بژارە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی، 20 هەزار و 265 قوتابیی بوون. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی بژارەی زمانی کوردیان هەڵبژاردبوو. لەم ژمارەیەدا 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی شێوەزاری کرمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی شێوەزاری کرمانچکی (زازاکی) هەڵبژاردبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ