رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە ئامادەکارییەکان بۆ چوارشەممە سووری، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-03-2024 فەرزین رەزازادە، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 20 رۆژی رابردوودا و لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە ئامادەکارییەکان بۆ چوارشەممە سووری، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرزین رەزازادە گوتیشی، "تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە."
بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراوی پەیوەست بە چوارشەممە سووری، سەرجەم بنکەکانی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە لە ئامادەباشیی تەواودان.
ئێوارەی دوایین سێشەممەی ساڵی کوردی و هەتاوی کە بەیانییەکەی دەبێتە چوارشەممە، رێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت. ئەو ئێوارەیە خەڵک ئاگر دەکەنەوە، بە سەریدا باز دەدەن و بە دەوریدا هەڵدەپەڕن.
بەگوێرەی ئامارێک کە فریاکەوتنی خێرای ئێران رۆژی 06-03-2024 بڵاوی کردەوە، تاوەکو ئێستا لە رووداوەکانی پەیوەست بە ئامادەکاریی چوارشەممە سووری، زیاتر لە 180 کەس بریندار بوون و 6 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ