رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت سبەی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا خشتەی نوێ بۆ کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە مانگی رەمەزان دانراوە. بەرپرسانی موەلیدەکان دەڵێن، دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانیان کە پارشێوان بێ کارەبا نابن.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارمان داوە رۆژانە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ 05:00ی بەیانی کارەبا بدەینە هاونیشتمانیان."
عوسمان محەممەد دەڵێت، بەرپرسانی کارەبای سلێمانی بەوانیان گوتووە، لە مانگی رەمەزاندا دەتوانن نزیکەی 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی بدەن. گوتیشی، "داوامان کردووە بەشێکی کارەبای نیشتمانی لەو کاتەدا بێت کە موەلیدەکان کوژاوەن بۆئەوەی هاووڵاتییان زۆرترین کاژێر کارەبایان هەبێت."
لە هەولێریش پارشێوان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان کار دەکەن. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژانی رەمەزاندا لەنێو شاری هەولێر لە کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ بۆ کاژێر 08:30ـی بەیانی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی موەلیدەکان کار دەکەن.
بە گوتەی خۆرانی، لە دەوروبەری هەولێر لە کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ بۆ 08:00ـی بەیانی موەلیدەکان کار دەکەن.
بە گوتەی خۆرانی، لە دەوروبەری هەولێر لە کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ بۆ 08:00ـی بەیانی موەلیدەکان کار دەکەن.
خشتەی ئێستای پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بەمشێوەیە: رۆژانە کاژێر 07:00ی بەیانی بۆ 08:30؛ 11:00ی پێش نیوەڕۆ بۆ 01:00ی پاشنیوەڕۆ؛ 04:00ی ئێوارە بۆ 01:00ی دوای نیوەشەو، موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
لەبارەی کارپێکردنی موەلیدەکان لە رەمەزاندا، زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، خشتەی کۆن وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ئەوی زیاد دەکرێت ئەوەیە، بۆ پارشێوان کاژێر 03:00ی بەیانی بۆ 05:00 موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
لە دهۆک پێدانی کارەبای موەلیدە جیایە لە شارەکانی دیکە و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و کارەبا دەدەنە زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەش، کە زۆرترینیان لە سلێمانی و کەمترینیش لە دهۆک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ