لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردنی شارەوانی دەکرێت؛ ئەنەکەسە بایکۆتی کردووە

10-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەردەوامن، کە بڕیارە لە 30ی ئایاری ئەمساڵ بکرێت.
 
لەدوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، یەکەمجارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت. ئامادەکارییەکان لە حەوت کانتۆنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستیپێکردووە.
 
بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، لە شوباتی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دامەزرا. کۆمیسیۆنەکە دوای پەسندکردنی یاسایەکی تایبەت بە کۆمیسیۆنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی گەلی دیموکراتیکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دامەزرا.
 
رۆژی 28ی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکەمین کۆبوونەوەی کرد و بڕیاری دا رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرێوەبچێت.
 
کۆمیسیۆنەکە لە کانتۆنەکانی عەفرین-شەهبا، منبج، فورات، جەزیرە، تەبقا، رەققە و دێرەزووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیمۆکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەستەی هەڵبژاردنی دامەزراندووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها دەڵێت، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تائێستا 18 لایەنی سیاسیی بەشدار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هاوپەیمانییەکیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پێکهێناوە و بڕیاریان داوە بە لیستێکی هاوبەش بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن.
 
ئەنەکەسە بەشداری هەڵبژاردنەکە ناکات
 
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە رایگەیاندووە، بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ناکات.
 
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیمwکراتی کوردستانی سووریا- پەدەکەسە رایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە تەنیا حیزبێکی سیاسی دەکات" و ئەوان بەشدار نابن.
 
محەممەد ئیسماعیل گوتی: "ئەمە هەڵبژاردنێکی رەوا نییە. حیزبێک بە تەنیا و بە هێزە سەربازییەکەی هەڵبژاردن دەکات. هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی گەلەکەمان نییە. ئەم هەڵبژاردنە زیان بە گەلی ئێمە دەگەیێنێت."
 
هەروەها پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلوەحدە) و پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆی کوردی لە سووریاش تائێستا بەشدارییان لە هیچ لیست و هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن نەکردووە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا رایگەیاندووە، بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. جوان عەبدولکەریم سکۆ، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا بە رووداوی رایگەیاند، ئەوان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک- مەسەدە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەکەن.
 
جوان عەبدولکەریم ئاماژە بە گرنگی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات و دەڵێت: "ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی بەرفراوانە کە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت. ئێمەش دەمانەوێت وەک هەموو گەلانی جیهان، هەڵبژاردن بکەین."
 
دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت
 
بەپێی دابەشبوونی نوێی ئیداری، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەوت کانتۆن، شەش شاری گەورە، 40 شار و 105 شارۆچکە پێکدێت. بەم پێیەش، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 151 شار و شارۆچکە دەکرێت
 
سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەی شارەوانیی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رایگەیاندووە، دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار و هاوسەرۆکی شارەوانییەکان هەڵدەبژێردرێن.
 
سەبارەت بە سیستەمی شارەوانییەکانیش، سلێمان عەرەب دەڵێت: "لە هەڵبژاردنەکاندا ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵدەبژێردرێن و لە ماوەی داهاتوودا بە پێی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی (دەستوور) سیستەمی شارەوانییەکان دەگۆڕدرێت. لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا یەکێتیی شارەوانییەکان دادەمەزرێت. هەر شارەوانییەک ئەنجوومەنەکەی جیاواز دەبێت. بریارە لە هەر کانتۆنێک، یەکێتیی شارەوانییەکان دروست بکرێت و یەکێتییەکە نوێنەرایەتیی هەموو شارەوانییەکانی ناوچەکە دەکات."
 
هاوسەرۆکی دەستەی شارەوانیی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان دەشڵێت: "هاوسەرۆکەکان یەکێکیان کورد دەىێت و ئەوەی دیکە سریان، یان عەرەبێک و کوردێک، یان تورکمانێک و عەرەبێک، هەموو شارەوانییەکانمان بەم شێوەیە دەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوەندی قەزای شنگال.

10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بەربژێر کردووە

وادەی وەرگرتنی سیڤیی بەربژێران بۆ پۆستی قایمقامی شنگال تەواو بوو و 10 کەس سیڤی خۆی ناردووە، لیژنەیەک وردبینیی لە سیڤییەکان دەکات و سێ لە سیڤییەکان دەداتە ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ ئەوەى بە دەنگدان یەکێکیان دیاری بکرێت.