رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆکان کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (8538) لە (8ی ئایاری 2024) داوای لە گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە ماوەی پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بە نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران (1928)ـە و لە (25ی نیسانی 2024) دەرچووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرانی تۆماری گشتیی زانکۆکان کردووە، رۆژی یەکشەممە 12-05-2024، لە دیوانی وەزارەت ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.
لە 18-03-2024 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندی باڵا لەبارەی یەکەمەکانی زانکۆ بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە هەموو خوێندکاران دابمەزرێندرێن، "بەڵام لەم خوولەی کابینەی حکومەت، دەرچووانی 2016 – 2017 و دەرچووانی 2017 – 2018 سەدان کەسن و فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە. هاوکات دەرچووانی یەکەم، دووەم و سێیەم وەکو ئیمتیاز لە خوێندنی باڵا پارەیان لێ وەرناگیرێت و بە خۆڕایی دەخوێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ