رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، لە تەواوی هەولێر، زاخۆ و دهۆک بانگدان کراوەتە مەرکەزی. بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕینیش دەڵێت، "داوای بودجەمان لە وەزارەتی دارایی کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام رەتیانکردەوە بۆمان بنێرن."
رۆژی شەممە، 10ـی ئایاری 2025، د. ئیبراهیم عەبدولباقی، بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەکە وەکو خۆی ماوەتەوە و تەواو نەکراوە، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی دارایی کرد، کە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە پێویستمان بە نزیکەی 20 بۆ 30 ملیۆن دینارە، بەڵام رەتیانکردەوە بۆمان بنێرن".
وەک بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە بۆ راپەڕین و دەوروبەری زۆر پێویستە، "چونکە 700 مزگەوتمان هەیە، بەڵام 12 بانگبێژ و 140 مامۆستای وتارخوێنمان هەیە، کە بەردەوام کێشەی بانگدان و کەمی میلاکمان هەیە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە تەواو بکرێت تەواوی کێشەکانمان چارەسەر دەبن."
لەبارەی کارەکانی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین گوتی، ئامێرەکان لەسەر مزگەوتەکان بەستراون، بەڵام ستۆدیۆی گەورە دانەنراوە، دوو مزگەوتی گەورەمان دیاریکردووە لە رانیە دایدەنێن و راستەوخۆ بانگدانەکە دەگوازرێتەوە بۆ 335 مزگەوتی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
هاوکات هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، "پڕۆژەکە دوای رەمەزان تەواو بووە، ئێستا تاقی دەکرێتەوە، بەردەوامین لە کارکردن و بەرەو تەواوبوونە، سەرەتا تەنیا لە سەنتەری شاری سلێمانی تاقیدەکەینەوە کە نزیکەی 300 مزگەوت لە یەک کاتدا بانگ دەدەن.
نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە رووداوی راگەیاند: لە هەولێر، زاخۆ، دهۆک، ئاکرێ پڕۆژەکە تەواو بووە و ئێستا بانگدان لەو شوێنانە مەرکەزییە، لە سلێمانییش بەرەوە تەواوبوونە، لە داهاتوودا پڕۆژەکە لە هەموو شارەکان جێبەجێ دەکرێت و بانگدانەکە راستەوخۆ دەبێت نەوەکو تۆمارکراو.
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر دەڵێت، لەو شوێنانەی سیستمی بانگدانی ئەلیکترۆنی دانراوە، سیستمەکە جێبەجێ دەکرێت، لەنێویاندا لە دوو هەزار و 500 مزگەوت لە سنووری هەولێر لە یەک کاتدا بانگ دەدرێت.
وەکو نەبەز ئیسماعیل گوتی، لە هەموو کاتەکانی بانگدان لە رۆژدا بانگدانەکە ناوەندی دەبێت، تەنیا لە رۆژانی هەینی نەبێت، چونکە رۆژانی هەینی گوتار پێشکێش دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 6,150 مزگەوت هەن. لە پڕۆژەی بانگدانی ناوەندی، هەر شارێک ستۆدیۆیەکی تایبەت بەخۆی دەبێت، ئەو مەلایانەی کە هەڵبژێردراون، راهێنانی تایبەتی دەنگیان پێکراوە و دەنگیان خۆشە، لە ستۆدیۆکان بە شێوازێکی راستەوخۆ بانگ دەدەن، لە یەک کاتدا دەگوازرێتەوە بۆ هەموو مزگەوتەکانی ئەو شارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ