راگەیێندراوێک لە وەزیری داراییەوە لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان

10-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حکومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، "دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێککەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لەنێوان هەردوولا ئەنجام درابوو."

لە پەیامێکدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامیی سیاسەتێکی هەرێمییە بەرامبەر دۆزی کورد."

وەزیری دارایی ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەو کەشوهەوا ناتەندروستەی ئێستا دروستبووە و دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە، کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بە تەنیا لە ئەستۆی حیزبەکانی دەسەڵات بووبێت، ئەوا لەمەودوا لە ئەستۆی هەموو ئەو حیزب و هێز و لایەنانەیە کە دەنگیان بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داوە."

هاوکات ئاوات شێخ جەناب، ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووری و داراییانەی کە لەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت، دەخاتە "ئەستۆی حکومەتی عێراق و ئەوان [حیزب و هێز و لایەنەکان کە دەنگیان بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داوە]."

وەزیری دارایی خۆزگەی ئەوە دەخوازێت کە "بۆ یەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا دەبینی تەنها روویان لە هەرێمی کوردستان نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵیی لێیە؟"
 
دەقی راگەیێندراوی وەزیری دارایی و ئابووری لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان:
 
ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو  بڕیار وڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لەنێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر درا و دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی ٤ نیسانی ٢٠٢٣ بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد واژۆ کرا. 
 
هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لە حکومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.
 
ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
 
بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاولاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی  نەتوانێت بەئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکاریە ستەم کارانەیە ئەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان. 
 
بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کورد و بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیابکرێتەوە.   
 
ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووەو دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە.      
 
وە ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کەلەمەودوا بەرۆکی حکومەتی  هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراقدایە.   
 
 خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافیەت و یەکسانیەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنها لە ١٠/ یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە ١٠ ساڵی ڕابردودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنوردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عیراق چارەنوسی دیاری بکرایە  سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێ ی زەرەر مەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەست خۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد ….
 
خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.