رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای کەرکووک وەرگیراوە و سایلۆی تازە پڕبووە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار تۆن گەنم لە هەر چوار سایلۆی کەرکووک وەرگیراون".
لە 25ی مانگی رابردوو وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دەستیپێکردووە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، رۆژانە 10 بۆ 12 هەزار تۆن گەنم رادەست دەکرێت.
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن، کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە. عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، سایلۆی تازە پڕبووە، بۆیە ئێستا گەنم لە عەبادات هەڵدەگیرێت، کە نزیکە لە سایلۆی تازە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک 45 بۆ 50 رۆژ دەخایێنێت، ئەگەر پێویست بکات وادەکە درێژدەکرێتەوە.
هەروەها گوتیشی، گەنمی بنەتۆش وەردەگیرێت، ئەویش تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای نەهرەینەوە.
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک رۆژی دووی ئەم مانگە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، رووبەرى دانەوێڵەی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک 250 هەزار دۆنمە، کە بە هەمان نرخى گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ