رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆی پیرەمەگروون دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە، 10ـی حوزیرانی 2025، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 10:00ـی بەیانی بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، دەرگای سایلۆی پیرەمەگروون بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێتەوە، جووتیاران دەتوانن لە ئەمڕۆوە گەنمەکانیان بهێننە سایلۆکان."
لەبارەی سایلۆکانی دیکەوە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی گوتی، "لە رۆژانی داھاتوودا ھەموویان دەکرێنەوە."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، تەنیا 400 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی بڕەکەی کردووە و تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامیان نەدراوەتەوە.
نەسرین ئەحمەد گوتی: "لە کۆی ئەو 400 ھەزار تۆنە، 145 ھەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 13 ھەزار تۆنیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دانراوە."
2025/6/5، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ و 12ـی ئەم مانگە دەرگەی سایلۆکانمان دەکرێتەوە."
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، 6ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد، تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو کراوە بوون.
ئەم ساڵیش ھاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق ھەر تۆنێک گەنم بە 850 ھەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێتەوە.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق نزیکەی 700 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ