رووداو دیجیتاڵ
ئەم شەوی پێنجشەممە، درۆنێک لە نزیک بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە شاری سلێمانی خرایە خوارەوە.
عەمید ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی 70 بە رووداوی گوت، کاژێر 10:45 خولەکی شەو درۆنێک چووەتە سەر ئاسمانی فەرماندەیی و لەلایەن هێزەکانیانەوە تەقەی لێکراوە. بە گوتەی ناوبراو، درۆنەکە لە شوێنێکی چۆڵ کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کراون. لە شەوی 1ی تەممووزی 2025، دوو درۆنی دیکە لە سلێمانی کەوتنە خوارەوە، یەکێکیان لە ناوچەی تاسڵوجە و ئەوی دیکەیان لە نزیک بارەگای هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆر لەنێو فەرماندەیی هێزەکانی.
سەبارەت بە رووداوەکەی 1ی تەممووز، شایەتحاڵان باسیان لە بیستنی دەنگێکی بەرز و ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک کرد. یەکێک لە شایەتحاڵەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەوە زیانێکی کەم بەر سەقفی ماڵەکەی کەوتووە.
ئەوکاتە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەدان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەران و سەرچاوەی ئاراستەکردنی ئەو درۆنانە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
جێی ئاماژەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا، جگە لە سلێمانی، فڕۆکەخانەی کەرکووک، کەمپێکی ئاوارەکان لە زاخۆ و نزیک فڕۆکەخانەی هەولێریش کراونەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ