رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی 5ـی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و بۆ یەکەمجارە لە پارێزگای هەڵەبجە ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت. دەشڵێت، "بڕیاربوو کۆتایی مانگی تەممووز هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لەبەر هەندێک هۆی تەکنیکی دواخرا."
رۆژی پێنجشەممە، 10-8-2023، دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی 5ـی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکرێت، هەڵبژاردنەکان لە یەک رۆژدا دەکرێن، بەڵام بۆ یەکەمجارە ئەنجوومەن و ستافی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پاریزگای هەڵەبجە دەکرێت و بڕیارە ئەوانیش ژووری بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان هەبێت."
روونیشیکردەوە: "بڕیارە لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەن لە پارێزگای هەولێر، 13 لە پارێزگای سلێمانی و 9 یان 11 لە پارێزگای دهۆک و 9 ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردرێن و بە ستافێکی نوێوە کارەکان بکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو رۆژی 29ـی مانگی تەممووز هەڵبژاردنەکانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆکاری تەکنیکی دواخرا. رەتیشیکردەوە هەڵبژاردنەکەیان لە ژێر گوشاردا بێت و دەڵێت، "پێویستبوو هەڵبژاردن بکەین."
ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان رێكخراوی پیشهیى ئابووریی خاوهنى كهسایهتى مهعنهوى و سهربهخۆیی كارگێرى و دارایى خۆیانن، کار بۆ رێكخستن و گهشهپێدانی پەیوەندییە بازرگانیی و پیشەسازییەکان و ئەو بوارە بە گشتی دەکات.
دواین هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە 16-4-2006 کراوە، بڕیارە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەن سەرۆک و دوو جێگر بۆ سەرۆک لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ