وەزیری پەروەردە بۆ مامۆستایانی ناڕازی: بایکۆت چارەسەر نییە

10-09-2023
پەیمان محەممەد
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرفتی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان بە بایکۆتکردن چارەسەر نابێت. ئاماژە بەوەش دەکات "127 پۆلی خوێندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سێ دەوامی دروست دەکرێن".
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 10-09-2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی سێ قوتابخانەی نوێ لە کەلار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بایکۆت و داخستنی ناوەندەکانی خوێندن چارەسەری ئەم دۆخە ناکات، چونکە قوتابیان زەرەر دەکەن، لەئاکامیشدا دووبارە دەکرێنەوە، بەڵام کاتی کردنەوەیان، مامۆستایان [بەهۆی دواکەوتنی وانەکان] دەکەونە ژێر گوشارێکی زیاتر، لەڕووی زانستیشەوە هەر زەرەر دەکەین.''
 
ئالان حەمە سەعید بەغدا بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەزانێت و دەڵێت، ''پێویستە هەموومان لە بەرەی داواکردنی مافەکانمان کۆببینەوە، بۆ ئەوەی ئەو شایستە داراییانەی خەڵکی کوردستان  لە بەغداوە وەکو خۆی کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، جێبەجێ بکرێت و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی هیچ شتێک نەکرێت و بە ئاسایی و شێوەیەکی یاسایی بدرێت.''
 
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
 

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان نییە. گوتیشی، ''ئەگەر هەموومان بە ئیرادەوە بەرەنگاری ئەم دۆخە ببینەوە و خەباتی بۆ بکەین، دەگەینە مافەکانی خۆمان، بەڵام بە پەرتەوازەییەوە بە هیچ شتێک ناگەین''.
 
''دوای جێبەجێکردنی بودجە، وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست''
 
زیاتر لە 36 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن، پێشتر وانەبێژان داوای دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست دەکرد، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی هەنگاویان بەرەو بەگرێبەستکردنی وانەبێژان ناوە، بەڵام بەشێکیان گرێبەستیش رەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
 
ئالان حەمە سەعید لەوبارەوە دەڵێت، ''مانگی هەشتی ئەمساڵ کۆنوونسێکی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەبووە کە پاشەکشەی لێناکەین، بەڵام کۆنووسەکەی ئێمە بەپێی جێبەجێکردنی بودجە نووسراوە، واتا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێن، ئەوکات مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گریبەست.''
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەشە بودجەیەی کە ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەشی مووچەی فەرمانبەرانیش ناکات، ''بەڵام هەرکاتێک بودجە بە تەواوی بنێرن، بەپێی توانامان بۆ مامۆستایانی وانەبێژ درێخی ناکەین.''
 
مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە و بە گریبەستکردن یان دامەزراندنیان مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان زیاتر دەبێت. کۆی پارەی مووچەکەشیان لە مانگێکدا 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
 
''127 پۆلی خوێندن دروست دەکرێت''
 
وەک وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە 127 پۆلی خوێندنی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، کە 36 پۆلیان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
 
بەشێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان سێ دەوامین، بەگوتەی ئالان حەمە سەعید، پێشتر 139 قوتابخانەی سێ دەوامی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، ''بۆ ئەوەی سێ دەوامی نەهێڵین یان کەمی بکەینەوە، بڕیاردراوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی 127 پۆلی نوێی خوێندن دروست بکات، ئەوکات ژمارەی قوتابخانە سێ دەوامییەکان بۆ 12 قوتابخانە کەم دەبنەوە.''
 
وەک وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 13ـی ئەم مانگە زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لێ دەدرێت و لە 17ـی مانگیشەوە، لە ناوەندەکانی خوێندن، بە فەرمی دەست بە خوێندنی وانەکان دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.