وەزارەتی ناوخۆ: دوو هێندەبوونی قەرزەکان لەدوای شەش مانگ هەژماردەکرێت

10-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو دەرفەتەی بۆ دانەوەی قەرزی سزاکانی هاتووچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بە لێخۆشبوونی 20٪ـی راگەیێندراوە یەکەمجارە دەکرێت." بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دوو هێندەبوونەکە بۆ قەرزەکانی دوای ئەو شەش مانگەیە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، عەمید محەممەد روشدی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان، بڕیاریداوە قەرزی هاتووچۆ بە لێخۆشبوونی 20٪ لە شۆفێران وەربگرێتەوە، ئەوە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و لە بەشێک لە قەرزەکانیان خۆشبن."
 
گوتیشی: "بڕیارەکە لە رۆژی 28-8-2023 تاوەکو رۆژی 28ـی شوباتی 2024بەردەوام دەبێت، ئەگەر کەسێک لەو ماوەیە قەرزەکانی بداتەوە 20٪ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا، دوای مانگێک واتە لە ماوەی 29ـی شوباتەوە تاوەکو یەک مانگ ئەگەر هەر کەسێک قەرزەکەی بداتەوە هەموو پارەکەی لێوەردەگیرێت، ئەگەر دوای ئەوە هەر کەسێک سەرپێچی بکات و لە یەک مانگدا پارەکەی نەدات دەبێت بە دوو هێندە."
 
لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-9-2023، بڵاوکراوەتەوە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، بڕیاردراوە بۆ ماوەی شەش مانگ 20% داشکاندن بۆ قەرزی هاتووچۆی سەر شۆفێران بکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی قەرزەکانی سزای هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ درا؛ لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام دەبێت. لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەرکەسێک پێبژاردن نەداتەوە لەماوەی 30 رۆژدا، بەگوێرەی بەشی 20 لە یاسای هاتووچۆ ژمارە 86ـی ساڵی 2004 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
 
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی وردەکاریی بڕی ئەو قەرزانەی تاوەکو 28ـی شوبات نادرێنەوە، لە روونکردنەوەیەکدا نووسیویەتی، ئەو سەرپێچییانەی لە دوای رۆژی 29ـی شوباتی 2024 بکرێت و لەماوەی یەک مانگدا نەدرێت، ئەوا بە دوو هێندە هەژماردەکرێت، واتە ئەو دوو هێندەیە بۆ قەرزەکانی سەر سەرپێچییەکانی ئایندەیە.
 
هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رۆژی یەکشەممە، 10-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگی نیسانی2023 ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێشنیازێکمان بۆ ئەنجوومەن بەرزکردەوە و دواتر کرا بە نووسراو بۆ ئەوەی ئەو بڕیاری لێخۆشبوونە دەربکرێت، بەڵام ئێمە لە پێشنیازەکەدا باسی ئەوەمان نەکردبوو، ئەگەر قەرزەکان نەگەڕانەوە بە دوو هێندە وەربگیرێنەوە، ئەوە حکومەت زیادیکردووە، ئێمە لەگەڵی نین." 
 
بڕگەی سێیەمی بەشی 20ـی یاسای هاتووچۆی ژمارە 86ـی هەموارکراو دەڵێت، "لەکاتی نەدانی پێبژاردنی سەپێندراو لەو ماوەیەی دەقی لەسەرهاتووە لەبڕگەی یەکی لەم یاسایەدا پێبژاردنەکە دەبێتە دوو ئەوەندە بۆ یەک جار و تۆماردەکرێت لە سەرەتاکانەی سوارۆکە لە کۆمپیوتەردا."
 
بڕگەی یەکەمی بەشی 20ـی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ـی هەموارکراو دەڵێت: "هیچ ئەفسەرێکی پۆلیس لەنێویاندا ئەفسەری هاتووچۆ مافی ئەوەی نییە پارە داوابکات یان وەربگرێت یان بدات بۆ هەر جۆرێک لە سەرپێچییەکانی هاتووچۆ و هەموو بڕە پێبژاردنەکان راستەوخۆ دەدرێت بە ئەفسەری ژمێریای لە بارەگای کەرت لەماوەی 30 رۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی سەرپێچییەکە."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 10-1-2023 بڵاویکردەوە، دوو ملیۆن و 41 هەزار و 147 ئۆتۆمبێل و 18 هەزار و 819 ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام هێشتا تەواو روون نییە قەرزی سزای سەر شۆفێران بەهۆی کامێراکانی هاتوچۆ، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، سەرپێچییەکانی دیکە چەندە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.