رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووری سەردەشتی پارێزگای ورمێ دەستی بەسەر 160 سەر ئاژەڵدا گرت. فەرماندەی پاسەوانی سنووری شارەکە دەڵێت، هەوڵ دراوە بە قاچاخ ببرێنە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-11-2025 مەهدی شیری، فەرماندەی پاسەوانی سنووری سەردەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرداگرتنی 160 سەر ئاژەڵی راگەیاند.
سەردەشت هاوسنوورە لەگەڵ قەڵادزێی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی. بە گوتەی مەهدی شیری، چاودێریی ئەو کەسانە کراوە کە ویستوویانە ئاژەڵەکان بە قاچاخ ببەنە نێو هەرێمی کوردستان.
وەک فەرماندەی پاسەوانی سنووری سەردەشت گوتی، نرخی سەرجەم ئاژەڵەکان بە سێ ملیار و 480 ملیۆن تمەن (نزیکەی 33 هەزار دۆلار) دەخەمڵێندرێت.
پەیوەست بە دۆسیەکە هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و مەهدی شیری دەڵێت، ''توانییان سوود لە تاریکیی شەو وەربگرن و هەڵبێن، بەڵام بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە.''
زیاتر لە 4 ملیۆن و 460 هەزار سەر ئاژەڵ لە پارێزگای ورمێ هەن کە نزیکەی 95٪ـیان لە دوو هەزار و 900 گوندی پارێزگاکەدا بەخێودەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ