رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشان، پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 14:46 خولەکی دوانیوەڕۆی دوێنێ لە رێگەی سەرەکیی کرماشان بەرەو شاری بێستوون و لە نزیک بەنزینخانەیەک روویداوە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پەیکان و بارهەڵگرێک پێکیان داداوە.
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی: "لە رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کرماشان، بریندارەکان لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شارەکە گوێزرانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی کرماشان 28ـی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە، ''لە 6 مانگی رابردوودا 300 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 7 هەزار کەسیش بریندار بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ