کوردستان
جیاکردنەوەی دەنگەکان دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: Safin HAMID / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە دەنگدانی تایبەتدا، دەنگی پووچەڵ بە زیاتر لە 38 هەزار دەنگ سێیەمی هەرێمی کوردستانە، کۆمیسیۆن و شارەزایانیش دەڵێن، "زۆربەیان دەنگدەر خۆی پووچەڵی کردوونەتەوە."
بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییە نافەرمیانەی دەست رووداو کەوتوون، لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە 38 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبوون، لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، سێیەم بووە.
مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، دەنگە پووچەڵەکان زۆرینەیان خواستی دەنگدەرن و دەنگدەرەکە خۆی پووچەڵی کردوونەتەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەنگەکان کۆدەکرێنەوە و هەژمار دەکرێن، مەروان محەممەد گوتی، "ئەگەر مۆرەکە 33% بکەوێتە نێو خانەی لیستەکە، دەنگەکە پووچەڵ نابێت و هەژمار دەکرێت."
بەربژێرانی کۆتا لە زۆرینەی ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی مسۆگەر بوون بۆ دەرچوون بەدەستدەهێنن، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوە کرد، "بەشێک لە دەنگدەران لەگەڵ هەڵبژاردنی بەربژێری کۆتا، لایەنێکی سیاسیشیان هەڵبژاردووە بۆیە دەنگەکانیان پووچەڵ بووەتەوە."
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای بواری هەڵبژاردن کە خۆی بازنەی لە سلێمانی بەدواداچوونی بۆ دەنگی پووچەڵ کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی ببینراوە هێزە ئەمنییەکان بە خواستی خۆیان و بەشێوەیەکی شارەزایانە دەنگەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە، چونکە زیاتر لە لایەنێکی سیاسییان هەڵبژاردووە.
ئەو شارەزای هەڵبژاردنە بەرزی ژمارەی دەنگی پووچەڵ لە دەنگدانی تایبەت بە ئاماژەی گوشار هەژمارکرد و گوتی، "دەنگدەرانی تایبەت بەشێکیان بە ناچاری براونەتە دەنگدان بۆیە لەبری بایکۆت دەنگەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە و نائومێدی خۆیان لە هەڵبژاردن نیشانداوە."
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێخکراوی ستێپ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆری دەنگی پووچەڵ دوو ئاماژەی هەن؛ یەکەمیان دەنگدانی هەڵە، دووەمیان گوشار لەسەر دەنگدەرانی تایبەت بۆ دەنگدان بە لیستێکی دیاریکراو.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە بەشێکی بنکەکاندا کە رێگە بە دەنگدەر دراوە مۆبایل بباتەوە ژورداوە، دەنگدەرەکە ناچار بووە وێنەی دەنگەکەی بگرێت و دواتریش دەنگەکەی پووچەڵ بکاتەوە.
زۆرترین دەنگی پووچەڵ لە بازنەی سلێمانی بووە، کە 19 هەزار و 645 دەنگ بووە، دوای سلێمانی زۆرتری دەنی پووچەڵ لە بازنەی هەولێر بووە، کە 13 هەزار و 465 دەنگ بووە.
کەمترین دەنگی پووچەڵ لە سنووری بازنەی دهۆک بووە، کە پێنج هەزار و 460 دەنگ بووە.
بەپێی ئەنجامەکان، دەنگی پووچەڵ لە ئاستی هەرێمی کوردستان لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سێیەمە و پێش سەرجەم لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ