بەهۆی لافاوەوە لە ناحیەی شوان 400 حەوزی ماسی و پڕۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاوکەوتن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی شوان رایدەگەیێنێت، لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، زیانی گەورەی بە گوندەکانی سنوورەکە گەیاندووە؛ نزیکەی 400 حەوزی ماسی لەنێوچوون و پڕۆژەی ئاوی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان نقووم بووە.
 
دکتۆر هەوراز شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەهێز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، زیانی ماددیی زۆر بە گوندەکانی "کەپەنک، سماقە، جگیلە و قەرەناو" و گوندەکانی دیکەی سەر زێیەکە گەیشتووە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاشکرای کرد، نزیکەی 400 حەوزی ماسی و دەیان کەلوپەلی کشتوکاڵی لەنێوچوون، جگە لەوەش چەندین پارکی گەشتیاری وێران بوون. هەروەها پڕۆژەی ئاوی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان بەتەواوی کەوتووەتە ژێر ئاو.
 
سەبارەت بە دۆخی خەڵک، دکتۆر هەوراز شوانی ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین خێزان تاوەکو ئێستا گیریان خواردووە، بەڵام تیمەکانی حکومەت لە ئێوارەوە لە ئامادەباشیدان و بە هاوکاریی خەڵکی تەق تەق و خاڵخاڵان هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات "هەرچی زووە تیمێکی تایبەت بنێرنە سنوورەکە بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان قەبارەی کارەساتەکە ببینن و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە