سەعدی پیرە: یەکێتی و پارتی لە هەولێر یەکگرتوو نەبن لە بەغداش لاواز دەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەت، جۆرێک لە گەشبینی لەنێوان پارتی و حیزبەکەی هەیە؛ دەشڵێت بۆ ئەوەی لە بەغدا بەهێزبین، دەبێت لە هەولێر، کەرکووک و موسڵ یەکگرتوو بن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر لەبارەی دانوستاندنی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند، ''ئەوەی کە من لە هەردوولا دەیبینم، جۆرێک لە گەشبینی هەیە.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ئێستا لە بەردەم دوو بەرنامەی گرنگی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندان، ''ئەگەر ئێمە (پارتی و یەکێتی) لە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نەبین، نەتوانین حکومەت پێکبهێنین، بێگومان لە بەغداش دەکەوینە دژی یەکدی و لاواز دەبین.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پارتی لە بەغدا بەهێز بن، ''پێویستە لە هەولێر، کەرکووک و موسڵ یەکگرتوو بین، ئەگەر نا لەوێ لاواز دەبین.''
 
دوێنێ سێشەممە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە لەبارەی دانوستاندنی نێوان پارتی و یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆببینەوە، بەڵام دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو." 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێ، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوەیان دەبێت.
 
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: ''ئێمە هێزێکی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان و پارتیش هەر بەو شێوەیەیە، ناکرێ پارتی چاوەڕی بێ یەکێتی چی بداتێ یان پێچەوانەکەی. دەبێ رێکبکەون پێکەوە حکومەتێک پێکبهێنن.''
 
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا، توانییان لەسەر کارنامەی حکومەت بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام کاتێک هاتنە سەر پۆستەکان، کۆبوونەوەکان ئاستەنگیان تێکەوت. سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، ''باسی دیدگای هاوبەش دەکەن، بەڵام ئەگەر لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و شێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت رێکنەکەون، دیدگای هاوبەش بایەخی نییە. پێویستە لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون.''
 
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین 500 کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەنێرێت

لافاو زیانێکی زۆری بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ گەیاند. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، 500 کتێبی سەردەمی و کواڵیتی باش بۆ کتێبخانەکە دەنێرن.