رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری دلفان لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بەفرەوە رێگەی 70 گوندی سنوورەکە داخراوە و دەوامی قوتابخانەکانیش لەو گوندانە راگیراوە.
رۆژی چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، رەزا سەلامەتی، قایمقامی شاری دلفان رایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەی 70 گوندی سەر بە شارەکە داخراوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگا بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی رێگەکان."
بە گوتەی قایمقامی دلفان، بەهۆی دۆخەکەوە قوتابخانەی ئەو گوندانە داخراون.
رەزا سەلامەتی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات خۆیان لە گەشتی ناپێویست بەدووربگرن و دەڵێت: "ئەگەر ناچار بە گەشتکردن بوون، پێویستە زنجیری تایەی ئۆتۆمبێل، سووتەمەنیی پێویست و جلوبەرگی گەرمیان پێبێت."
شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین رووی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. لە درەنگی شەوی یەکشەممەوە بارانبارین و لە شەوی سێشەممەشەوە بەفر ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای لوڕستانی گرتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان، لەم شەپۆلەدا زۆرترین بڕی بارانبارین لە شارەکانی پۆلدوختەر و رومیشکان تۆمارکراوە و کەمترینیش لە شاری ئەلیگودەرز بووە. پێشبینیش دەکرێت باران و لە هەندێک ناوچە بەفر، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە سادق زیائییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی لە رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو یەکشەممە 14ـی مانگ لە ئێران بەردەوام بێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، لە رۆژی پێنجشەممەوە بارینی بەفر و باران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەم دەبێتەوە و شەپۆلەکە لە باکوور و رۆژئاواوە روو لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئێران دەکات؛ پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی لە پارێزگاکانی فارس، بووشێهر، هورموزگان، کرمان، یەزد، سیستان و بەلوچستان و خۆراسان دەربکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ