بەربژێرێکی سەرۆککۆمار: هاوسەنگی نێوان حیزب و لایەنەکان، عێراق بەرەو ئارامی دەبات

12-01-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خالید شێخ سدیق، بەربژێری سەرۆککۆمار لەبارەی خۆبەربژێرکردنیەوە رایگەیاند، ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم حیزب و پێکهاتەکان بپارێزێت، چونکە ئەوە تاکە رێگەیە کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو دۆخێکی سەقامگیر دەبات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 11-01-2022 خالید شێخ سدیق وەکو یەکەم بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ناوی خۆی تۆمارکرد و رایگەیاند، "بە تێگەیشتنم لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەروەها پەیوەندیی نزیکم لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەتوانم وڵاتەکە لە کێشەی نێوخۆیی و دەرەکی بپارێزم".
 
خالید شێخ سدیق، راوێژکاری یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو دەڵێت سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نییە و رایگەیاند، "ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە دەڕوات و پریشکی ئەو گۆڕانکارییانەش بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بۆیە پێموایە کەسێکی بێلایەن دەتوانێت بە یەکسانی خزمەت بە سەرجەم چین و توێژەکان بکات و هاوسەنگی لە نێوان حیزبەکان و هێزە دەرەکییەکان بپارێزێت".
 
لەبارەی رابردووی سیاسی و پلانی داهاتوویەوە، خالید شێخ سدیق رایگەیاند، "پلانی ئێمە بردنی عێراقە بەرەو کەنارێکی ئارام ئەوەش لە رێگەی ئەو پەیوەندییە لە مێژینەی کە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێستا و رابردووی عێراق و بەشێک لە وڵاتە دراوسێکان هەمانە، چونکە تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین خزمەت بە گەلانی عێراق بە گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی بەهێزمان ئامادەکردووە و هیوادارین سەرجەم لایەنەکان پشتگیریمان بکەن".
 
خالید شێخ سدیق لە بنەماڵەیەکی دیاری ئایینیی هەرێمی کوردستانە، لەو بارەوە دەڵێت، "پێموایە ئەزموون و باکگراوندی خێزانی و تواناکانم پشت بە خوا دەرفەتم دەدەن کە بەربژێرێکی شایستە بم بۆ ئەو پۆستە گرنگە لە عێراق، وەکو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان مافی خۆمە ئەم ئەرکە بەجێبهێنم".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خالید شێخ سدیق ئاماژەی بەوە دا، "سەرەڕای خوێندن و کاری حکومیم، بنەماڵەکەم لە دێر زەمانەوە خاوەنی پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ گشت کەسایەتی و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمەش خاڵێکی گرنگ و ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆم. هەروەها پەیوەندیی باش لەگەڵ کەسایەتیی ناوخۆیی و ئیقلیمی فاکتەرێکی باش دەبن بۆ سەرکەوتنم لەو پۆستە."
 
رۆژی دووشەممە 10-1-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆ بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کردەوە و شەش مەرجی بۆ ئەو کەسانە داناوە، کە دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەکات ئەو کەسانەی ئارەزووی خۆبەربژێرکردنیان بۆ ئەو پۆستە هەیە و ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە بەنووسراو داواکارییەکانیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانیان لەگەڵدابێت، کە بیسەلمێنێت ئەو مەرجانەیان تێدایە لەگەڵ سیڤییەکانیان و رادەستی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران-کۆشکی کۆماری.
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە سێ کەس بەفەرمی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە، دووانیان کوردن، یەکێکیان حاکم رزگار محەممەد ئەمینە، ئەو دادوەرەی دادگایی سەدام حوسێنی کرد، ئەوەی دیکەیشیان  ناوی خالید شێخ سدیقە. کەسێکی دیکەش بە بنەچە عەرەبە و دانیشتووی موسڵە".
 
بەپێی دەستووری عێراق دەبێت لە ماوەی مانگێک لە وادەی بەستنی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی وڵاتەکە سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت کە پێویستە بەربژێری پۆستەکە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارەکان بەدەستبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.