رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەڵێت، گەلی کورد هێشتا گەلێکی ستەملێکراوە و داوای هیچی نەکردووە جگە لەوەی وەکو نەتەوەکانی دیکە مافی خۆی پێبدرێت و دامەزراوە ئیسلامییەکان دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە نەهێشتنی ستەم و زۆرداری.
پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "لە جیهاندا 300 دامەزراوەی ئیسلامیی عەرەبی و جیهانیی هەن و ئەم دامەزراوانە دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە نەهێشتنی ستەم و ستەمکاریی و لەو چوارچێوەیەشدا کە کورد گەلێکی ستەملێکراوە دامەزراوە ئیسلامییەکان دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە رەواندنەوەی ئەو ستەمە."
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، لە شەشەمین کۆنگرەکەیان، کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداخی دەنگی 91٪ـی بەشداربووانی کۆنگرەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا.
لەبارەی بەرپرسیارێتییە نوێیەکەیەوە، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەڵێت، "ئەم بەرپرسیارێتییەمان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتردا وەرگرتووە." گوتیشی، وەکو کوردێک خزمەتی هەموو گەلانی جیهان دەکەم.
د. عەلی قەرەداخی، زانای کوردی ئایینی ئیسلام له ساڵى 2004 لهگهڵ كۆمهڵێك زاناى جیهانى، یهكێتى جیهانیی زانایانى موسڵمانیان دامهزراند، لە ساڵی 2011ـەوە ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئایینی ئیسلام بووە؛ یوسف قەرزاوی، زانای ئیسلامیی میسری سەرۆکی یەکێتییەکە بوو، بەڵام لە مانگی ئەیلوولی 2022 کۆچی دوایی کرد و لەدوای ئەو، هیچ سەرۆکێک بۆ یەکێتییەکە هەڵنەبژێردرابوو.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، سەرۆکی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان باسی لەوەشکرد کە یەکێتییەکەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی 92 دەوڵەت کاردەکات و کوردێک ببێتە سەرۆکی دامەزراوەکە، گرنگە بۆ هەموو نەتەوەی کورد.
قەرەداغی گوتیشی: "لەم کۆنگرەیەدا پرۆژەیەکمان پێشکێشکرد بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی جیهانی لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نزیکەی 30 دامەزراوەی گەورەی واری مافی مرۆڤ بەشدارییان کرد، ئەوە جگە لە 64 دامەزراوەی ئاینی، سەرەنجام دامەزراوەیەکمان لە نزیکەی 100 دامەزراوەی ئیسلامی و مرۆیی دروستکردووە کە ئەرکی دامەزراوەکە بوونی رۆڵە لە رووبەڕوو بوونەوەی ستەم جا لە کوردستان یام لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت.
د. عەلی قەرەداخی باسی ناو و ئەرکی دامەزراوە جیهانییەکەشی کرد و گوتی: "دامەزراوەکە ناوی 'راگەیاندنی دەوحە بۆ هاوئاهەنگی مرۆیی بۆ پاراستن و داکۆکی لە ستەملێکراوان'ـە و لە هەرشوێنێک ستەم هەبێت ئێمە وەکو موسڵمان رووبەڕووی دەبینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ