قوتابییانی چەمچەماڵ داوای پارەکەیان دەکەنەوە و سەرۆکی زانکۆش دەڵێت چووەتە گەنجینە و ناگەڕێتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە قوتابییانی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ کە پێش بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرێی خوێندنەکەیان داوە، داوای گەڕاندنەوەی پارەکەیان دەکەن، بەڵام بەرپرسانی زانکۆ و وەزارەت دەڵێن: "پارەکە چووەتە گەنجینەی حکومەت و ناگەڕێتەوە."
 
دوای لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێی خوێندنی ئەم ساڵ بۆ قوتابییانی ئەو سنوورە دەرکرد، بەڵام بەشێک لە قوتابییان پێش دەرچوونی بڕیارەکە قیستی یەکەمی کرێی خوێندنەکەیان دابوو، ئێستا داوادەکەن پارەکەیان بۆ بگەڕێننەوە یان بۆ ساڵی داهاتوو بۆیان هەژمار بکرێت.
 
د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، گەڕاندنەوەی پارەی ئەو قوتابییانەی قیستی یەکەمیان داوە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و گوتی: "بەپێی پسوولەی ژمارە 37 ئێمە پارە وەردەگرین و بە پسوولەی ژمارە 38 رادەستی گەنجینەی حکومەت دەکرێت، هەر پارەیەکیش چووە نێو گەنجینەوە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە."
 
سەرۆکی زانکۆی چەرموو روونیکردەوە، بڕیارەکە ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە، بەڵام تەنیا سوودمەند دەبن لە لێخۆشبوون لە قیستی دووەم.
 
سەبارەت بە داواکاریی قوتابییان بۆ هەژمارکردنی پارەکە بۆ ساڵی داهاتوو وەک قەرەبوو، د. هەڵەت رەشید گوتی: "ئەمەش پێویستی بە بڕیارێکی تایبەتی وەزیری خوێندنی باڵا هەیە و زانکۆ ناتوانێت بڕیاری لێ بدات."
 
لای خۆیەوە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی قسەکانی سەرۆکی زانکۆی بۆ رادیۆی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئەو قوتابییانەی قیستی یەکەمیان داوە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت پارەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، چونکە پارەکە چووەتە گەنجینەی وەزارەتی دارایی."
 
رۆژی 11-12-2025، بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاوەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بە نووسراوی ژمارە 2849 بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێی خوێندنی ساڵی (2025 - 2026) بۆ قوتابییانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری دەرکرد. بڕیارەکە قوتابییانی (پارالێل و ئێواران) لە قۆناخەکانی دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە