رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئاگری، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، هێرشکردنە سەر هەموو کوردێک و گوتی، "ئەوەی لە حەلەب روودەدات تەنیا کێشەی حەلەب نییە؛ کێشەکە کێشەی هەولێر، ئامەد، قامشلۆ، سلێمانی و مهابادە."
سڕی ساکیک، میوانی بوڵتەنی کاژێر 15:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ سیما باسی لە هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب و پرۆسەی چارەسەریی کرد کە لەم دواییانەدا لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ.
ساکیک، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەمێکی قووڵ هەیە و جەختی لەوە کردەوە کورد سەدەیەکە باجی زۆر قورسی داوە. ساکیک، پێیوایە پێویستە ئاشتی لە هەموو پارچەکاندا هاوکات بێتە ئاراوە و دەڵێت، دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ کورد بووەتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و "ئەگەر لە باکوور ئاشتی و برایەتی بەرقەرار دەبێت، پێویستە لە رۆژئاوا و حەلەبیش هەبێت."
ساکیک، بە گوتنی "کورد چیدی فریو نادرێت،" ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناخی 50 ساڵی رابردووی پێکدادانەکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و کوردیش لە داواکارییەکانی پاشگەز نەبووەتەوە.
سڕی ساکیک، ئاماژەی بە پرۆسەکانی پێشووی چارەسەریی کرد و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی ئەو پرۆسانە ئەنجامیان نەبوو، بەڵام هەنگاونانەوە بۆ ئاشتی گرنگە، بە مەرجێک لەسەر بنەمای متمانە بێت.
بە گوتەی ساکیک، کورد لە داواکارییەکانی پاشگەز نەبووەتەوە. "لە دە بۆ پازدە ساڵی رابردوودا بەمە دەگوترا 'پرۆسەی چارەسەری'، بەڵام سەرۆککۆمار ئەوەی راگرت. بینییان کە بەم شێوەیە ناکرێت و دیسان هەنگاویان بۆ ئاشتی نا، بەڵام ئێمە کوردی جاران نین، دەمانەوێت لەمبارەیەوە دڵنیا بین. چیدی ناتوانن کورد و منداڵانی کورد فریو بدەن."
ئاماژەی بە دیدگای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و پەیامەکانی لە ئیمراڵییەوە کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان دەیەوێت پێکدادانەکان کۆتاییان بێت. هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێستی روونی ئۆجەلان کرد و سەرنجی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی کە پەکەکە و کەجەکە لەسەر بنەمای ئەو بانگەوازانە پێشتر ناویانە.
ساکیک، هۆشداریدا لە دواخستنی هەنگاوەکانی ئاشتی و بە ئاماژەدان بە پەندێکی کوردی گوتی، "ئەگەر ئاو لە گۆمێکدا بمێنێتەوە، بۆگەن دەبێت. پێویستە ئەم کێشەیە دوانەخرێت و بە خێرایی هەنگاوی بۆ بنرێت." هەروەها رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پرۆسەکە بە ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە دەبەستنەوە و گوتی، "تورکیا خۆی دەچێت و لەگەڵ ئەو هێزانە رێککەوتن واژۆ دەکات. ئەمڕۆ ئاڵای ئیسرائیل لە خاکی سووریادا دەشەکێتەوە و کەس دەنگی لێوە نایەت؛ بەڵام کاتێک کورد دەیەوێت دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت، دژایەتی دەکرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سڕی ساکیک، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر دەوڵەت پلان و پڕۆژەیەکی راستگۆیانەی بۆ چارەسەری هەبێت، کورد ئامادەیە بۆ دانوستاندن و چارەسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ