رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2017ەوە زیاتر لە 92 هەزار عەرەب براونەتە کەرکووک و ئێستا 51٪ی باشووری کوردستان سیمای کوردی پێوە نییە.
ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە پەلە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکبێنێت لەو تەعریبە مەترسیدارەی بەرامبەریان پیادە دەکرێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "تەعریبی نوێ لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان گرێدراوی پرۆسەی تەعریبی 50 ساڵی رابردووە، بەڵام ئەم شاڵاوە نوێیە زۆر مەترسیدارترە لە هەموو قۆناخەکانی رابردووی بەعەرەبکردن، بەو پێیەی پێشتر تەعریب بە ئاشکرا دەکرا و لە راگەیاندنەکانی رژێمی بەعسەوە باس دەکرا، بەڵام ئێستا بە نهێنی و لە ژوورە داخراوەکانەوە بڕیاری لێدەدرێت و جێبەجێ دەکرێت".
فەهمی بورهان گوتی، "ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەرچی زووە ژوورێکی عەمەلیات دروستنەکات بۆ رێگری لەو پڕۆسەیە، کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە کە دواتر ناتوانرێت چارەسەر بکرێت".
"92 هەزار عەرەب براونەتە کەرکووک"
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لە رەوشی کەرکووک و پرۆسەی بەعەرەبکردنی بەرفراوانی لەو شارە کرد و گوتی، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی ئەوان، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر 2017ەو زیاتر لە 92 هەزار کەسی عەرەب براونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون.
فەهمی بورهان گوتی، "ئەو عەرەبانەی دەبرێنە کەرکووک ناسنامەی باری شارستانی و کارتی زانیارییان دەگوازرێتەوە بۆ کەرکووک و بە یەکجاریی لەوێ نیشتەجێ دەکرێن، کە ئەوەش بۆ کورد مەترسیدارە".
"خۆزگە عەرەب بهێنرایەتە سلێمانی و هەولێر نیشتەجێ بکرانایە؛ ئەوە هیچ گرفت و مەترسی نەبوو، بەڵام لە کەرکووک مەترسیدارە و بەرپرسانی کورد ئەگەر لە خەمی کەرکووکدان، پێویستە هەر سبەی ژوورێکی عەمەلیات بۆ ئەم بابەتە پێکبهێنن"، فەهمی بورهان وای گوت.
ئەو هۆشدارییەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێستا چەندین گەڕەک لە کەرکووک و دەوروبەری بە زێدەڕۆیی دروستکراون کە بە تەواوی گەڕەکی عەرەبنشینن، لە کاتێکدا تاوەکو 2017 ئەو گەڕەکانە نەبوون. چەندین خێزانیش ناسنامە و پسووڵەی خۆراکیان گواستووەتەوە کەرکووک و مافی دەنگدانیان لەو پارێزگایە هەیە.
"ستەم لە کورد و تورکمان"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باسی لە نموونەیەک کرد وەکو نوێترین پێشێلکاری و ستەم بەرامبەر پێکهاتەکان لە کەرکووک و گوتی، "لە دوو هەفتەی رابردوودا لیستێکی 60 کەسی بۆ پەروەردەی کەرکووک دامەزرێندران، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 1 کورد و 1 تورکمانیان تێدا بوو و 58 کەسیان عەرەب بوون".
فەهمی بورهان گوتیشی، "پێشتریش لە دامەزراندنی پۆلیس بۆ کەرکووک بە هەمان شێوە، ستەم لە کورد و تورکمان کرا و رێژەیەکی زۆر کەمیان پێدرا، بەراورد بە عەرەب".
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تاوەکو دێت نەخشەی کەرکووک فراوانتر دەبێت و ژمارەی درووستکردنی خانووی زێدەڕۆ لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک لە زیادبووندایە.
بەپێی ئاماری کەرتەکانی شارەوانی کەرکووک، دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای کەرکووک لە زیادبووندایە بە جۆرێک خەندەقی پێشووی کەرکووکی تێپەڕاندووە.
جگە لە کەرکووک، بەعەرەبکردن لە پارێزگای نەینەوا زۆر بە چڕی جێبەجێ دەکرێت، ئەوە جگە لە پارێزگای دیالە کە خانەقین و دەوروبەری کە بەعەرەبکردن تێیاندا دەکرێت و زەوی 36 گوندی کوردنشینی خانەقین بە بیانووی جۆراو جۆر داگیرکراون.
لە زوممار بە هەمانشێوە تەعریبی نوێ تەشەنەی سەندووە و تەنانەت ئەو عەرەبە هاوردانەی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس ناوچەکەیان جێهێشتبوو، ئێستا گەڕاونەتەوە و زەوی کوردیان داگیرکردووە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا رژێمی پێشوو هۆزەکانی هەسنیان و میرانی لە کۆمەڵگەی بەردییە لە ناحیەی زوممار دەرکرد و عەرەبی هاوردەی خەڵکی حەزەری لە شوێنەکانیان نیشتەجێکرد. دوای روخانی رژێمی پێشوو لە 2003 ئەو هاونیشتمانیانە گەڕانەوە زێدی خۆیان و عەرەبەکان شوێنەکەیان جێهێشت، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی هاتوونەتە ناوچەکە دووبارە ئەو کوردانەیان دەرکرد، عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و دەستیان بەسەر زەوی و زاری کوردانی هۆزەکانی هەسنیان و میرانی دا گرتووەتەوە".
کۆمەڵگەی بەردی دەکەوێتە ناحیەی زوممار. ناحیەی زوممار لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای تەلەعفەرە لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار كەسە و لە كورد و عەرەب پێكدێت.
لەبارەی دۆخی پارێزگای نەینەوا و کەمبوونەوەی کورد لەو پارێزگایە، فەهمی بورهان گوتی، نەینەوا سیمای کوردی پێوە نەماوە؛ گوتیشی، "ئەگەر فریای کەرکووک نەکەوین، بەهەمان شێوەی نەینەوای بەسەردێت و سیمای کوردبوون لەدەستدەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ