رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو بڕیاری لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەرکرد؛ لێخۆشبوون لە گەڕاندنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ ئەوانەی پێش ساڵی 2013 وەریانگرتووە و لێخۆشبوون لە قەرزی بچووکی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ئێستا وەریانگرتووە و کۆچی دواییان کردووە.
هاوکات، ئاسانکاریی نوێش بۆ مۆڵەتی دایک و باوکی ئەو منداڵانە کراوە کە تووشبووی ئۆتیزم یان ئیفلیجیی مێشکیان هەیە. بڕیارەکان ئەمڕۆ لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراونەتەوە و هەر لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دوو داوای پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو، تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بڕیارەکە 12-3-2025 لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر درا، ئەمڕۆ لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، داوای یەکەم لە کۆتایی 2024 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردرابوو، داوا کرابوو ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لەپێش ساڵی 2013ـەوە پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە، لێیان خۆشببن و پێشینەکەیان لێ وەرنەگیرێتەوە، داوای دووەم لە 24-2-2025 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، داوا کرا فەرمانی لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەربچێت کە قەرزی بچووکیان کردووە لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ئێستا، بەڵام مردوون.
بە گوتەی یوسف چاوشین، 12-3-2025، ئەنجوومەنی وەزیران لەوبارەیەوە کۆبووەوە، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەردوو داواکارییەکەی وەزارەتەکەیان دا، ئەو کەسانەی قەرزی بچووکیان وەرگرتووە ژمارەیان 59 کەسە، لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو، بڕی قەرزەکەش بۆ هەر یەکێکیان لە 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی، لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
یوسف چاوشین گوتیشی، هەر ئەمڕۆ مادەی 6ـی ژمارە 11ـی ساڵی 2024 هەموار کراوەتەوە و ئەویش لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، کە ئەو دایک و باوکانەی دوو کەمئەندامیان هەیە لە جۆری (ئۆتیزم و ئیفلیجیی مێشک)، دایک و باوکەکە هەردووکیان فەرمانبەرن، دەتوانن لە یەک کاتدا بەیەکەوە مۆڵەت بکەن، مۆڵەتەکە ساڵانەیە و هەموو ساڵێک نوێ دەکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن، ئێستا 73 هەزاریان مووچەیان هەیە، زیاتر لە 27 هەزاری دیکەیان بێ مووچەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ