بەرهەمی گەنم لە راپەڕین بۆ نیوە کەم دەبێت و مەترسیی وشکبوونی زێی بچووکیش هەیە

11-05-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
گەنمی دەشتی بتوێن لە سنووری راپەڕین
گەنمی دەشتی بتوێن لە سنووری راپەڕین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاریگەرییەکانی کەمبارانی و وشکەساڵی، ئەم ساڵ زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ لە دەشتی بیتوێن گەیاندووە. گوڵە گەنمە سیس و لاوازەکان پێش وادەی دروێنە و خەرمانکردن، بەهۆی بێ بارانییەوە بەشێکی زۆریان بە قەرسیلی وشکبوون و جووتیارانی ناوچەکەیان رووبەڕووی زیانێکی گەورە کردووەتەوە.
 
رەسووڵ ئیبراهیم، جووتیارێکی گوندی قورەگۆیە لە دەڤەری راپەڕین، یەکێکە لەو جوتیارانەی ئەم ساڵ زیانی بەرکەوتووە. ئەو نزیکەی 100 دۆنم زەوی بە گەنم داچاندبوو، بەڵام بەهۆی بێ بارانییەوە تەواوی بەرهەمەکەی لەناوچووە و ناچار بووە ئاژەڵەکانی تێبکات و مایەپووچ و رەنج بەخەسار بووە.
 
رەسووڵ ئیبراهیم بە رووداوی گوت: ''پار هەر دۆنمێک نزیکەی 700 کیلۆ گەنمی دەبڕی، ئەم ساڵ هیچی نەدا. ماڵاتمان تێکردووە و بەتاڵ هاتینەوە. بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت لە سفرەوە دەست پێبکەینەوە و بنەتۆ بکڕینەوە.''
 
وشکەساڵییەکە تەنیا کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ نەبووە، بەڵکو هەڕەشەی لەسەر سەرچاوەکانی ئاویش دروستکردووە. زێی بچووک لە دەربەندی رانیە، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی بەنداوی دووکانە، ئاستی ئاوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ساڵی رابردوو ئاستی ئاو لەو ناوچەیە نزیکەی پێنج مەتر بەرز بوو، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی کەمبارانی و هەروەها گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە لە بەنداوی کۆڵەسەی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا جۆگەیەکی بچووک ئاوی پێدا دەڕوات و مەترسی وشکبوونی لەسەرە.
 
مەترسییەکانی کەمئاوی و وشکەساڵی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە ئیدارەی راپەڕین نیگەران کردووە و هاواریان لێ هەستاوە. لە زانکۆی راپەڕینیش هەوڵی زانستی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و خۆئامادەکردن بۆ قەیرانی کەمئاوی لە وەرزی هاویندا.
 
ساکار محەممەد، مامۆستای زانکۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە وشکەساڵی کاریگەرتی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ژیانی خەڵک هەیە و دەشڵێت: ''بابەتی وشکەساڵی چونکە کاریگەری لەسەر خۆراک هەیە، واتە کاریگەری لەسەر ژیان هەیە، کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندیی نێودەوڵەتی. بۆیە زۆرجار کاتێک کەمئاوی روودەدات، وڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا ئەو بەست و بەنداوانەی لەسەر ئەو ئاوانەن دێنە هەرێمی کوردستان، دەیانگرنەوە و ئێمە ئەوەندەی دیکە لەڕووی ئاوەوە هەژار دەبین.''
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی راپەڕین، ساڵانە لە سنووری ئیدارەکە 180 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دادەچێندرێت و کۆی بەرهەمی گەنم دەگاتە زیاتر لە 108 هەزار تۆن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەهۆی کەمبارانییەوە ئەم رێژەیە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.