رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دانیشتنى تایبەت بە سکاڵایەکى سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى بۆ 18ى تەممووز دواخست کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردبوو. سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە دژى هەریەک لە سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆماری کردبوو.
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى داوا دەکات مادەکانی 1 و 9،15،22،36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە "نادەستووری" هەژمار بکرێت.
رۆژی 11ى حوزەیرانى 2023، زیاد جەبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دانیشتنى دادگە لەسەر ئەو سکاڵایە بۆ 18ى حوزەیران دواخراوە بە مەبەستى وردبینی.
ئەو ماددانەى یاسای هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە تایبەتن بە ژمارەى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان، تۆمارى دەنگدەران، پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران و ژمارەى کورسیى کۆتاکان.
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە "نادەستووری" دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن؛ لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ