رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق، بەڵگەنامەیەکی ئەمنی بڵاوکردەوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1989 دەگەڕێتەوە و وردەکاریی دەستبەسەرکردنی ژنێکی کورد لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئەو کات لە سلێمانی نیشان دەدات.
بەپێی بەڵگەنامەکە، کە لە 14ـی تشرینی یەکەمی 1989 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمن نێردراوە، "هاووڵاتیی عێراقی، خەدیجە ئەحمەد وەیس کە ژنی ماڵەوەیە و دانیشتووی قەزای رانیەیە، ئاراستەی سیاسی و رابردووی خێزانیی باش بووە".
بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، هیچ بەڵگەیەک لەسەر تێوەگلانی ئەو هاونیشتمانییە لە چالاکییەکانی دژی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە نەبووە.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "خەدیجە ئەحمەد وەیس نزیکەی 40 رۆژ دەستبەسەر کراوە، نەوەک لەبەر ئەوەی خۆی کارێکی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکێک لە خزمەکانی هێرشی کردووەتە سەر چێشتخانەیەک لە قەزای رانیە."
دەستەکە دەڵێت، رووداوەکە وێنەیەکی دۆخی ئەمنیی ئەو کاتی عێراق نیشان دەدات کە تێیدا ئازادییە تاکەکەسییەکان رووبەڕووی پێشێلکاری دەبوونەوە و زۆرجار تاکەکان باجی ئەو کارانەیان دەدا کە خۆیان ئەنجامیان نەدابوو.
دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 دامەزراوە، سەرەتا ناوەکەی ریشەکێشکردنی بەعس بوو، بەڵام دواتر ناوەکەی بۆ دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی گۆڕدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ