رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، هەنگاوەکانی پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری جێگەی ئومێدن. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە تورکیا و پەکەکە نیازپاکی و جیدیبوونی زیاتریان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 11-07-2025 رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناحیەی سوورداش لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، کە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی کوردستانی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بوون.
شەریف وەرزێر، بەرپرسی مەکتەبی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە نوێنەری پارتەکەی بوو لە رێوڕەسمەکەدا، بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو؛ ئەگەر چی هەنگاوەکە لە رێوشوێنێکی تووندی ئەمنیدا نرا، بەڵام ئومێدی لەسەر هەڵدەچنرێت."
ئەو گرووپەی چەکەکانیان سووتاند 30 گەریلا بوون؛ 15 ژن و 15 پیاو. شەریف وەرزێر گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی کردەیی بوو لە ئەنجامی رێککەوتن و تێگەیشتنی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام پڕۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی زۆر جیدیترە بۆئەوەی تورکیا، پەکەکە، کورد لە باکووری کوردستان و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لێی سوودمەند بین. بێگومان ئەو شەڕە زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە."
هەر ئەمڕۆ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دوای رێوڕەسمی چەکدانانەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لەمەودوا دەبێت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو لقەکانی پەکەکە و پێکهاتە نایاساییەکان و سووتاندن و رادەستکردنی چەکەکان لە ماوەیەکی کەمدا تەواو بکرێت."
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "پێموانییە ئەم پڕۆسەیە بە خێرایی بەڕێوەبچێت، بەڵکو تێپەڕاندنی چەند قۆناخێکی پێویستە. دەبێت لە هەردوو لاوە نیازپاکی و جیدییەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم تێگەیشتن و رێککەوتنانە هەبێت."
شەریف وەرزێر دەشڵێت، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا هۆشیار بن، بۆئەوەی رێگە بە "نەیاران" نەدرێت پڕۆسەی چارەسەری تێکبدەن.
بەرپرسی مەکتەبی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی دادگەری گوتی، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان رۆڵێکی کاریگەریان لە پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری هەبووە، "هەردوو لایەنیان هان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە ئەنجام و سەربکەوێت."
1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر،" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5 - 7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ