ئامادەکارییەکانی چەکدانانی گرووپێک گەریلا تەواوبوون؛ بەشێکی میوانان لە قەزای دووکانن

11-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئامادەکارییەکانی رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتایی هاتووە و ئەوانەی بڕیارە لە رێوڕەسمەکە بەشداری بکەن بەرەو شوێنی رێوڕەسمە بەڕێکەوتوون.
 
د. حەکیم عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "میوانان و رۆژنامەڤانان لە هۆتێل ئاشوور لە قەزای دووکان یەکدەگرن و لەوێوە بە پاس دەبردرێن".
 
بە گوتەی حەکیم عەبدوڵڵا، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پاسی بۆ هەموو میوانانی رێوڕەسمەکە ئامادەکردووە و بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنی رێوڕەسمەکە.
 
د. حەکیم عەبدوڵڵا دەڵێت: "شوێنەکە تائێستاش رانەگەیێندراوە کوێیە و ژمارەی گەریلاکانیش کە چەک دادەنێن بە دروستی ئاشکرا نەکراوە".
 
بەشدارانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەشێکیان گەیشتوونەتە قەزای دووکان و بەشێکیش لە رێگەدان.
 
شەوی رابردوو دوو شاندی جیای دەم پارتی بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمەکە گەیشتنە شاری هەولێر و لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
 
مورات شەن، نوێنەری دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شاندەکەمان ئێستا لە رێگەدان بەرەو شوێنی رێوڕەسمی چەکدانانەکە".
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و لەنێویاندا پارتی و یەکێتی لەلایەن کەجەکەوە بە فەرمی بانگهێشت کراون".
 
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەک دابنێن و لەنێوی ببەن.
 
جگە لە کوردستان و تورکیا، شاندێک لە ئەورووپا و ئەمریکاوە بەشداری دەکەن، کە زیاتر لە 30 کەس لە پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی و سیاسین.
 
شەو ی 09ـی تەمموز، ناوەندی راگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو ناردبوو رایگەیاند، هیچ رۆژنامەڤانێک ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی خۆی بەشداری رێوڕەسمەکە بکات و پاس بۆ گواستنەوەیان دابینکراوە.
 
کەجەکە رایگەیاند: "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە [ئەوانەی چەک دادەنێن] ناکرێت، بەڵام دەرفەتی قسەکردن لەگەڵ چاودێرانی رێوڕسمەکە دەبێت".
 
30ـی مانگی رابردوو، بۆ یەکەم جار تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، نزیکی 10ـی تەمموز یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی چەک دادەنێن.
 
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی " ناودەبرێت.
 
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.