کوردستان
گەریلایەکی پەکەکە لەکاتی دانانی چەکەکەی لە شوێنی دانان و سووتاندنی چەکەکان لەنزیک ئەشکەوتی جاسەنە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا، چەکەکانیان دانا و سووتاندیان. رێکخراوێکیش پلانی هەیە شوێنی سووتاندنی چەکەکان بکاتە مۆزەخانە.
لە رێوڕەسمەکەدا 30 گەریلا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان، کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە هەبوو.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی CDO بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کارگێڕی گەلەریی ئەمنە سوورەکە هاوئاهەنگیمان دەستپێکردووە، بۆئەوەی شوێنی سووتاندنی چەکی گەریلاکانی پەکەکە بکرێتە مۆزەخانە و خەڵکی بتوانن سەردانی بکەن."
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، ئەو فەرماندە و گەریلایانەی ئەمڕۆ چەکەکانیان سووتاند، ئەمانە بوون:
- بەسێ هۆزات
- نەدیم سەڤەن
- تێکۆشین ئۆزان
- تەکین مووش
- شیندا ماردین
- شیار دێرسیم
- عادل داشکین
- ئیرمەک لادین درەن
- موستەفا چاکر
- ئەدهەم کیلیچ
- ئۆزهان جەیهان
- حوسێن ناس
- مزگین سۆنمەز
- رووناهی ئەرۆل
- کەزبان سەکمەن
- قیمەت کۆرکماز
- زەینەب ئۆز
- شەریفە تەکین
- ئاگین تۆپراک
- هاکان ئایدن
- تاجدین ئیشک
- ئەرگین تان
- سەرکان ئۆزگەن
- فورات ئیشلەیەن
- ئەرۆڵ داشدەلەن
- عزەدین ئەرەسۆی
- یەشیم یاڵچنتاش
- ئاریا تۆکای
- بەهار دەلیجی
- شیندا ئۆیونلو
- ئەمینە ئەکین
بەڕێوەبەری رێکخراوی CDO گوتیشی، "پێشنیازمان کردووە پاشماوەی چەکەکان دەستکاری نەکرێ و هەمان شوێن بکرێتە مۆزەخانە. لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانیش قسەمان کردووە کە تاوەکو پلانەکەمان جێبەجێ دەکەین، ئەو پاشماوەی چەکانەمان بۆ بپارێزن."
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی پلانەکەیان، بەختیار ئەحمەد گوتی: "لە سبەیەوە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەمان دەکەین. جگە لە چەکەکان، بەجۆرێک شوێنەکە ئامادە دەکەین کە گوزارشت لە هەموو پڕۆسەکە بکات و سەردانیکەران بە بینینی شوێنەکە لە هەموو پڕۆسەی ئاشتی تێبگەن."
چەکدانان و سووتاندنی چەکی ئەو گەریلایانە دوای ئەوەهات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ