رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی چەکدانانی ئەمڕۆی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە دەڵێت، "شایەتی هەنگاوێکی کردەیی بوێر بووین، کۆمەڵێک لە برادەرانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و پەیامێکی مێژووییان نارد بۆ هەموو جیهان کە ئامادەی هەڵگرتنی چەکی ئاشتین."
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە، دەستخۆشی لە سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەم، هەروەک پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز سەرۆک ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەکەم، هەروەها سڵاو و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەم، کە زۆربەی ئەم دەستکەوتە بەرهەمی بڕیار و هیممەتی ئەوانە."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو سوپاسی ئەو کەس و لایەنانەش دەکات کە "بە هەر شێوەیەک بێت هاوکاریی ئەم کارە مەزنەیان کردووە."
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین دەشڵێت، "نەفرەت لە ستەمکاران و شەڕفرۆشان، شەرمەزاری بۆ ئەوانەی نانیان لە تێکدان و بەشەڕدانی خەڵکدایە، سڵاو بۆ ئاشتی و زمانی گفتوگۆ و ئاشتیخوازان."
ئەمینداری یەکگرتوو هیواخوازە لایەنەکان "ئاوڕ نەدەنەوە لە رابردووی خەم و تەم؛ چاویان لە قۆناخێکی نوێ و ئاییندەیەکی گەش و وڵاتێکی ئارام و ناوچەیەکی پڕ لە برایەتی، یەکسانی و پێکەوەژیان بێت."
راگەیێندراوەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هەینی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
لە رێوڕەسمەکەدا، 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ