لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە؛ تورکمان داوای پۆستێکی سەرەکی لە پردێ دەکەن

11-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەکەیان بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەشکردنی پۆستەکان کۆببێتەوە. هاوکات تورکمانەکان داوا دەکەن یەکێک لە پۆستە سەرەکییەکانی ناحیەی پردێیان پێبدرێت.
 
رۆژی سێی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لیژنەیەکی لە 8 ئەندامی ئەنجوومەنەکە پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە هاوسەنگیی پۆستەکان لە یەکە کارگێڕییەکاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەکە بە فەرمی کۆنەبووەتەوە.
 
هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا لیژنەکە کۆبوونەوەی فەرمی نەکردووە و هیچ پێشنیازێکمان پێنەگەیشتووە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات."
 
پێکهێنانی ئەو لیژنەیە دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردوو لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و حەشدی شەعبی لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک، دژی دانانی کوردێک وەک سەرۆکشارەوانیی ناحیەکە خۆپێشاندانیان کرد.
 
هۆشیار هیجران رایگەیاند: "لە پردێ سێ پۆستی سەرەکی بەدەست کوردەوەیە و 12 پۆستی دیکە بەدەستی تورکمانەکانەوەیە. ئەوان داوای یەکێک لەو سێ پۆستە سەرەکییەی شارۆچکەکە دەکەن."
 
ئێستا پۆستەکانی بەڕێوەبەری ناحیە، سەرۆکشارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسى ناحیەی پردێ بەدەست کوردەوەیە.
 
بەگوێرەی فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەن، لیژنەکە لە 8 ئەندام پێکدێت: سێ کورد، دوو تورکمان، دوو عەرەب و ئەندامەکەی کۆتای کریستیان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە