پارێزگاری هەولێر: بیری ئاو بۆ گەڕەکی باداوە لێدەدەین و لێپێچینەوەش لەگەڵ موختارەکە دەکەین

11-08-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن ئاو هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، وەکو چارەسەرێکی بەپەلە بە تانکەر ئاویان گەیاندووەتە گەڕەکی باداوەی هەولێر. هەروەها گوتی لێپێچینەوە لەو موختارە دەکەن، کە تۆمەتبارکراوە بە هێرشکردنە سەر میدیاکاران".
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ گرفتەکانی گەڕەکی باداوەی هەولێر کردووە و قایمقامی هەولێر بە نوێنەرایەتی پارێزگار سەردانی گەڕەکەکەی کردووە و بڕیارماندا وەکو چارەسەرێکی خێرا، بە تانکەر ئاویان بۆ بنێرین و لە سبەی پێنجشەممەشەوە دەست بە لێدانی بیر دەکەین بۆیان".
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی کەمئاوییەوە، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی باداوەی هەولێر هاتنە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی، لەکاتی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەدا، دەمەقاڵێ لەنێوان موختاری گەڕەکەکە و چەند هاونیشتمانی و میدیاکارێک دروستبوو. 
 
سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی رۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمەكانی "كەناڵی ئێن ئارتی و سپێدە" دەكەین و داوا دەكەین، هەموو لایەك هاوكاربن تاوەکو دەنگی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان بگاتە لایەنە بەرپرسەكان تاوەکو كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
 
لە بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە: "چەند كەسێكی دیكەش بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان كردووەتە سەر پەیامنێر و تیمی ئێن ئاڕ تی لەهەمان شوێن، هەروەها هێرشكراوەتە سەر تیمی كەناڵی سپێدە و كەلوپەلی رۆژنامەنووسی تیمەكەیان زەوتكردووە".
 
لەوبارەوە ئومێد خۆشناو، گوتی: "ئێستا من بۆ کارێکی خزمەتگوزاری لە دەرەوەی شاری هەولێرم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوە لەو موختارە دەکەین و لە ئەگەری سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون، هەم یاسا کاری خۆی دەکات و هەم ئێمەش رێکاری خۆمان دەبێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە