رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 19 گەریلا و شەڕڤانی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانییەوە راگەیاند. گەریلاکانی پەکەکەش کوژرانی 13 سەربازی تورکیایان بڵاوکردەوە؛ هەسەدەش هیچ روونکردنەوەی نەداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 11ـی ئابی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 12 شەڕڤانیان لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کردوونەتە ئامانج کە گوایە لە ئامادەکارییدا بوون بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە "باکووری سووریا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆش سێ گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و چوار شەڕڤانیش لە رۆژئاوای کوردستان کراونەتە ئامانج و وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەمەش دوێنێ و ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمانەوە 19" گەریلا و شەڕڤان لە ئەنجامی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سەربازێکی بڵاوکردەوە کە رۆژی 21ـی تەممووزی 2023 لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە بە سەختی بریندارببوو.
رۆژی 10ـی ئابی 2023، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 44 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی خواکوڕک، زاپ، ئاڤاشین و مەتین لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 13 سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 620 گەریلا و کوژرانی 101 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 991 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ