ئەندامێکی لیژنەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە: 12 بۆ 14 رۆژ جارێک ئاو بۆ بەشێک لە ماڵانی چەمچەماڵ بەردەدرێتەوە

11-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بە رووداوی راگەیاند: ''لەسەرەتای وەرزی هاوینەوە کێشەی کەمئاوی رووی کردووەتە قەزای چەمچەماڵ و سنوورەکە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵەکانیان خێرا کردوون بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە. 
 
رۆژی دووشەممە، 11 ئابی 2025، زیاد جاندار زۆراو، ئەندام لە لیژنەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بە رووداوی راگەیاند: ''بێئاوی بەم وەرزی گەرمایە کێشەیەکی زۆری بۆ هاونیشتمانییانی سنووری چەمچەماڵ و تەکیە دروستکردووە. بەشێکی هاونیشتیمانییان ناچارن ئاو بکڕن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان.'' 
 
زیاد جاندار گوتی: ''لە بەشێکی ناحیەی شۆڕش 12 رۆژ بۆ 15 رۆژ جارێک ئاو بەردەدرێتەوە؛ لە بەشێکی چەمچەماڵ 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە ماڵان؛ لە بەشێکی ناحیەی تەکیەش 8 رۆژ بۆ 9 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە ماڵان.'' 
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاوی پڕۆژەی گۆپتەپە گوتیشی: ''لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بۆ چارەسەری گرفتی کەمئاوی سنووری چەمچەماڵ. کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بەردەوامن و پێشنیازی خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کراوە.'' 
 
زیاد جاندار زۆراو ئەوەشی خستەڕوو: ''نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە دەدات و گرفتی ئەم کەمئاوییە نامێنێت و دەبێتە چارەسەرێکی ماوەدرێژ.'' 
 
لە بارەی هەمان کێشە، ئازاد گوڵەدین، دانیشتووی ناحیەی شۆڕش بە رووداوی راگەیاند، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێ ئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری دراون، کاتی بوون و هیچ هەوڵێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نەبووە.
 
ئازاد گوڵەدین گوتی: ''بەم گەرمای هاوینە 14 بۆ 15 رۆژ جارێک ئاوی ماڵان بەردەدرێتەوە، واتە دوو هەفتە جارێک. کاتی بەردانەوەی ئاویش لەنێوان کاژێرێک بۆ دوو کاژێرە کە ماوەیەکی کەمە و بەشی پڕبوونی تەنکی سەربان ناکات.'' 
 
ئازاد گوڵەدین گوتی، بەشێک لە هاونیشتمانییان ئاو دەکڕن وەک چارەسەری کێشەکە و "نرخی یەک تەنکەری بچووکی ئاویش لەنێوان 15 بۆ 25 هەزار دایە. هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار زوو ئەم کێشەیە چارەسەربکات.''
 
10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاوی هەیە و بڕیارە بە تەواوبوونی پرۆژەی ئاوی ( گۆپتەپە - چەمچەماڵ)  کێشەکانیان کۆتایی بێت.  
 
26ی حوزەیرانی 2024 نوسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە کرا و 30ی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن بۆ ماوەیەک وەستا و دووبارە دەستی پێکردەوە.
 
ئەم هەواڵە لەلایەن رۆشنا شێرزاد ـەوە ئامادە کراوە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمپانیای نەوتی باکوور

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور: زیانە مادییەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆ زۆر کەم بوون

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە وێستگەیەکی گازی کەرکووک کەوتەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور کە وێستگەکە لە سنووری سەرپەرشتیی کۆمپانیاکەیدایە، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و ئاگرکەوتنەوەکە لە بۆرییەکی بچووکی وێستگەکە بووە.