رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە، لە فەرمانگە حکومییەکانی پاریزگاکانی کرماشان و سنە رۆژی چوارشەممە کرایە پشوو و سبەی کاتی دەوام کەم دەکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025، جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت."
جەلیل بالایی گوتی: "مەبەست لە راگەیاندنی پشوو بۆ کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر تۆڕی کارەبا لە رۆژە گەرمەکان."
بڕیارەکەی پارێزگای کرماشان، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەکو نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت و سبەی سێشەممە دەوامی فەرمانگە حکومییەکان لە کاژێر 6ی بەیانی بۆ 11ی بەیانی کەم دەکرێتەوە.
بەپێی بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای سنە، بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە.
بە هەمانشێوە، بڕیارەکەی پارێزگای سنە، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
پشووکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە چوارەم هەفتە، لە مانگی رابردوو پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەوە و لە هەندێک ناوچە گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، لە دوو رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە لە هەندێک ناوچە دەگاتە نزیکە 50 پلەی سیلیزی و لە هەندێک ناوچە پێشبینی باران بارین دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 15 پارێزگای ئێرانیش رۆژی چوارشەممە 13ی ئاب، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا کراوەتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ