نێچیرڤان بارزانی: به‌ هه‌مان گيانى شۆڕشی ئەیلوول هەنگاو بنێین بۆ پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان

11-09-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن شۆرشی ئەیلوول نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان شۆڕشى ئه‌يلوول بە ماكى شۆڕشه‌كانى كوردستان ناودەبات کە "ئيراده‌يه‌كى پۆڵايين و له‌بننه‌هاتووى له‌ گه‌لى كوردستاندا دروست كرد كه‌ ئيتر هه‌رگيز نه‌ده‌بوو بشكێت". نێچیرڤان بارزانی داوادەکات "به‌ هه‌مان گيانى شۆڕش، له‌پێناو ئاينده‌يه‌كى باشتر و چه‌سپاندنى فيدراڵى و پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستكه‌وكانيدا، پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بنێين و كار بكه‌ين".
 
له‌ يادى شه‌ست ساڵه‌ى هه‌ڵگيرسانى شۆڕشى "مه‌زنى" ئه‌يلوولدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە "به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى رێبه‌رى شۆڕش بارزانيى نه‌مر و هاوه‌ڵانى و ته‌واوى شه‌هيدانى شۆڕش و كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين و سه‌رى رێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌مياندا داده‌نوێنين".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول، ماكى شۆڕشه‌كانى كوردستانه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سه‌رده‌مه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌كانى مێژوودا هه‌موو چين و توێژ و پێكهاته‌كانى كوردستانى له‌ژێر سه‌ركردايه‌تييه‌كى جێى باوه‌ڕ و متمانه‌ و له‌ ئيراده‌يه‌كى يه‌كگرتوودا كۆكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ و له‌پێناو يه‌ك ئامانجدا به‌ره‌نگارى سته‌م و داپڵۆسين ببنه‌وه‌ و داواى ئازادى و مافه‌كانيان بكه‌ن".
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دەکات کە "شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول ئيراده‌يه‌كى پۆڵايين و له‌بننه‌هاتووى له‌ گه‌لى كوردستاندا دروست كرد كه‌ ئيتر هه‌رگيز نه‌ده‌بوو بشكێت، بۆيه‌ ته‌نانه‌ت دواى گه‌له‌كۆمه‌كى نێوده‌وڵه‌تييش له‌ شۆڕش، زۆرى نه‌خاياند گه‌لى كوردستان ريزه‌كانى رێكخسته‌وه‌ و دووباره‌ هاته‌وه‌ كۆڕى خه‌بات و تێكۆشان و رووبه‌ڕووى هه‌موو هێز و چه‌ك و زه‌بر و زه‌نگێكى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عيراق بووه‌".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە "شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و كاريگه‌رى و پێگه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جيهان، بوونه‌ بنه‌مايه‌ك كه‌ ڕێككه‌وتنى 11ى ئازار و هه‌موو ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كانى دواترى گه‌لى كوردستانى له‌سه‌ر بنيات نران، ده‌ستكه‌وتى هه‌ره‌ مه‌زنيش دروستكردنى شانازى و ناسنامه‌ى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى و ئيراده‌ و گيانى به‌ره‌نگارى و به‌رده‌وامى بوو كه گه‌لى كوردستانى به‌ ئه‌مڕۆ گه‌ياند".
 
نیجیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێت "با يادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول كه‌ شۆڕشى ته‌واوى گه‌لى كوردستان بوو، بكه‌ينه‌ هه‌وێن و بنه‌ماى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان و به‌ هه‌مان گيانى شۆڕش، له‌پێناو ئاينده‌يه‌كى باشتر و چه‌سپاندنى فيدراڵى و پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستكه‌وكانيدا، پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بنێين و كار بكه‌ين. هه‌ميشه‌ به‌رز و شكۆدار بێت يادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول و سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین: سەرجەم یەکەمەکان بۆ خوێندنی باڵا دەنێردرێنە ئیتاڵیا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، یەکەمەکانی زانکۆکەیان لە ساڵی خوێندنی پێشوو دەتوانن داوای بۆ خوێندنی ماستەر لە ئیتاڵیا پێشکەش بکەن. بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "تێچووی خوێندنەکە لەسەر زانکۆکەمان دەبێت".