سەرۆک بارزانی لە یادی شۆڕشی ئەیلوول: شۆڕشی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی بوو

11-09-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لە یادی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شۆڕشی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی بوو کە بناخەیەكی پتەو و رێكخراوی بۆ بەردەوامیی تێكۆشان و وەستانەوەی گەلی كوردستان لە دژی زۆرداری دانا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-09-2022 یادی 61 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولە. بەوبۆنەیەوە سەرۆک مەسعود بارزانی لە راگەیێندراوێکدا ئەو یادەی بە خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلی کورد ناوبرد و گوتی، "هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد بە رابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر لە دژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد". 
 
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول بە "بەها بەرزەكانییەوە و بە پێداگری و خۆڕاگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەر، وایكرد دۆزی رەوای گەلی كوردستان هەنگاوی زۆر گەورە بەرەو پێشەوە بنێت و ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها سەرچاوەی ئیلهام بۆ تێكۆشەر و خەباتگێڕان لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان."
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی 31 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
ئەمڕۆ شەست و یەك ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێ. لەو شۆڕشە سەرتاسەرییەی گەلی كوردستاندا هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد بە رابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر لە دژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. 
 
شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی بوو و بناخەیەكی پتەو و رێكخراوی بۆ بەردەوامیی تێكۆشان و وەستانەوەی گەلی كوردستان لە دژی زۆرداری دانا. شۆڕشی ئەیلوول بە بەها بەرزەكانییەوە و بە پێداگری و خۆڕاگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەر وای كرد دۆزی رەوای گەلی كوردستان هەنگاوی زۆر گەورە بەرەو پێشەوە بنێت و ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان و هەروەها سەرچاوەی ئیلهام بۆ تێكۆشەر و خەباتگێڕان لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان.
 
لە شەست و یەكەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا پێزانینم بۆ رۆڵ و ماندوونەناسیی دایكان و ژنان و هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و قارەمانانە هەیە كە رۆڵیان لەو شانازییە نیشتیمانییەدا هەبووە. چ ئەو قارەمانانەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا شەهید بوون و یانیش لە ژیاندا نەماون و، چ ئەو رۆڵەسەربەرزانەی بەشداریی شۆڕش بوونە و هێشتا لە ژیاندا ماون. ئەو قارەمانانە  مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست كرد و جێگەی شانازی و سەربەرزیین بۆ هەموومان.
 
مسعود بارزانی
11ی ئەیلوولی 2022

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین: سەرجەم یەکەمەکان بۆ خوێندنی باڵا دەنێردرێنە ئیتاڵیا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، یەکەمەکانی زانکۆکەیان لە ساڵی خوێندنی پێشوو دەتوانن داوای بۆ خوێندنی ماستەر لە ئیتاڵیا پێشکەش بکەن. بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "تێچووی خوێندنەکە لەسەر زانکۆکەمان دەبێت".