رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەقینەوەی سەر پردی پەڕینەوەی شەقامی 60 مەتریی هەولێر، "کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە" و لەلایەن "پەکەکەوە ئەنجامدراوە."
وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش باسی دەکات، تەقینەوەکە "لەڕێگەی بۆمبێکی دەستکرد دانراوە بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە مادەی PETN بووە.. و لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە بەناوی (ز. ج. خ) کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی ئەو کردەوەیە هاتووەتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە ناحیەی تەکیە."
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، "بەپێی فەرمانی دادگا، تۆمەتبار (ز. ج. خ.) بە ماددەی دووەم بڕگەی سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بۆ ئەم مەبەستەش بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی رووداوەکە فەرمانی دادوەر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی کراوە بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی تۆمەتبار بە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر تا رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە."
کاژێر 18:29ـی ئێوارەی رۆژی هەینی، 01-09-2023، تەقینەوەیەک لە پردێکی پەڕینەوەی شەقامی 60 مەتریی هەولێر روویدا. ئەوکات، چەند هاونیشتمانییەک ڤیدیۆی کەمێک دوای رووداوەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد و تێیدا دەردەکەوێت کە دووکەڵ لەسەر پردەکە بەرزدەبێتەوە. ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ راگەیێندراوەکەیدا ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوەی بڵاوکردووەتەوە کە "چرکەساتی تەقینەوەکە" پێشاندەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ