رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. دەشڵێت: ''زیاتر لە 43 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و ئەستەمە بتوانرێت خوێندنیان تێدا بکرێت.''
10 رۆژی دیکە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-09-2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاند، ''لە هەموو بوارێکەوە وەک رێکخستنی میلاکات، دابەشکردنی کتێب و دابینکردنی سووتەمەنی دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە.''
نەژاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە و "ملیۆنێک و 666 هەزار و 615 لیتر نەوتیش بۆ سلێمانی دابینکراوە."
دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ خانەنشینبوونی فەرمانبەرانی لەدایکبووی ساڵانی 1963، 1964 و 1965، تەنیا لە سنووری پەروردەی سلێمانی دوو هەزار و 50 مامۆستا و فەرمانبەر خانەنشین کران. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت خانەنشینبوونی ئەو مامۆستایانە کاریگەری نەکردە سەر دۆخی پەروەردەی سنوورەکە و بۆشاییەکان پڕکراونەتەوە.
''قوتابخانەی سێ دەوامیمان هەیە''
بەگوتەی نەژاد عەبدوڵڵا تاوەکو 8ـی ئەیلوول، 26 هەزار و 988 قوتابی لە قۆناخی یەکی بنەڕەتی و یەکی باخچە ناونووسییان کردووە، ''دیارە ئەم رێژەیە بەردەوام روو لە زیادبوونە و تاوەکو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کە 21ـی مانگە، بەردەوام دەبێت.''
گرفتی کەمیی قوتابخانەکان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکە تەنیا قوتابخانەیەکی سێ دەوامی هەیە، بەڵام زۆربەی قوتابخانەکان دوو دەوامین.
نەژاد عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو کار لەسەر باڵەخانەی 11 قوتابخانە دەکرێت و تەنیا 10٪ بۆ 20٪ـی کارەکانیان ماوە، ''بەڵام بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵێندەرەکان نەیانتوانیوە کارەکان تەواو بکەن و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەیان بکەنەوە''. گوتیشی، بۆ ئەم ساڵ بڕیارە چوار قوتابخانەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی رادەست بکرێت، ''بەڵام تاکە کێشە ئەوەیە کە کەلوپەلیان تێدا نییە و ئێستا سەرقاڵی دابینکردنی کەلوپەلەکانیانین.''
''سەرجەم قوتابخانەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە''
نەژاد عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی جگە لەو قوتابخانانەی کە لە ساڵانی دواییدا دروستکراون، سەرجەمیان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ''چونکە ئەم ساڵ 417 هەزار و 345 قوتابیمان هەن و قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدا دەبێت.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە سنوورەکە زیاتر لە 43 قوتابخانە هەن کە مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
نەژاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ''ئەستەمبوون''ـی بەکارهێنانی ئەو قوتابخانانە کرد بۆ ئەم ساڵی خوێندن کە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و گوتی، ''قوتابی و مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە بە شێوەیەکی کاتی دەگوێزرێنەوە بۆ نزیکترین ناوەندەکانی خوێندن، تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکیش لە قوتابخانە مەترسیدارەکان چۆڵنەکراون، ''بەڵکو خێرخوازان و وەبەرهێنەران ئامادەییان دەربڕیوە کە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە''.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ساڵی خوێندنی 2024-2025 زیاتر لە ملیۆنێک و 650 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا خوێندوویانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ