رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، لەبری ئەنجوومەنی دەوڵەت، دەبووایە دۆسیەی داهاتی نانەوتی بنێردرێتە دادگەی فیدراڵی. ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەرێمی کوردستان دوای بڕیاری ئەنجوومەنەکەش دەتوانێت لەسەر دۆسیەکە پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی ببات.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-09-2025، هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، لەبارەی ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە کە بڕیارە دۆسیەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، رایگەیاند: ''دەبووایە ئەم کێشەیەی نێوان هەولێر و بەغدا بچێتە بەردەم دادگەی فیدراڵی، چونکە کێشەیەکی دەستوورییە و ئەوەش لە پسپۆڕیی دادگەی فیدراڵیدایە.''
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاری دا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە رووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا.
بەگوتەی هاوڕێ تۆفیق، ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەتە بە ''شیکردنەوەی (تەفسیر) رێنماییەک کە لەلایەن وەزارەتێکەوە دەردەچێت، یان شیکردنەوەی دەقێکی یاسایی کە رەهەندێکی کارگێڕیی دارایی هەبێت، واتا تایبەتە بە کێشەکانی نێوان وەزارەتەکان و دەستەکان، لەکاتێکدا دۆسیەی داهاتی نانەوتی کێشەی نێوان دوو حکومەتە.''
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی توانای ''پابەندکەری''ـی بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت گوتی، ئەنجوومەنەکە سەر بە ئەنجوومەنی دادوەرییە و یاسای تایبەتیی هەیە، ''بۆیە لەڕووی یاساییەوە شیکردنەوەکانی نرخی پابەندبوونیان هەیە، بەڵام دوای بڕیارەکەش، هەرێمی کوردستان دەتوانێت [لەسەر داهاتی نانەوتی] پەنا بۆ شیکردنەوەی دادگەی فیدراڵی ببات.''
هاوڕێ تۆفیق وەک یەکێک لە هۆکارەکانی ناردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئاماژەی بەوە کرد، ''لەوانەیە تێبینیی ئەوەیان کردبێت کە بەراورد بە دادگەی فیدراڵی، وەڵام و شیکردنەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کاتێکی کەمتر دەخایێنێت.''
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەشڵێت، ئەنجوومەنی دەوڵەت دەتوانێت وەکو لایەنێکی سێیەم لە ململانێیەکەدا ببینرێت، ''چونکە پێشتر سەر بە حکومەت و وەزارەتی داد بوو، بەڵام ئێستا بەستراوەتەوە بە ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، واتا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا نییە.''
لە ئەنجوومەنی دەوڵتدا هاوشێوەی دادگەی باڵای فیدراڵی، پێکهاتەکان پشکیان بۆ دیاری نەکراوە. هاوڕێ تۆفیق گوتی: ''رێژەی کورد لە ئەنجوومەنەکەدا زۆر کەمە، بەڵام لەژێر گوشاری ململانێ سیاسی و تایفییەکاندا نییە.''
بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق پێیوایە ''مامەڵەی هاوشێوە'' دەتوانێت شێوەی دروستی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بێت، ''واتا ئەوەی بۆ هەر پارێزگایەکی عێراق داهاتی نانەوتییە، ئێمەش دەگرێتەوە و پێویستە مامەڵەیەکی یەکسان بکرێت. بۆ نموونە ئەگەر شتێک لە بەسرە بە داهاتی نانەوتی هەژمار بکرێت، بێگومان ئەوە بەسەر ئێمەشدا دەچەسپێت.''
هاوڕی تۆفیق جەختیشی لەوە کردەوە، ''هەرێمی کوردستان ئێستا دەرفەتێکی باشی لە بەردەمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە (گرفتی مووچە)، باشترە لەسەر داهاتی نانەوتی زۆر نەیکاتە گرێ کوێرە و نەرمی بنوێنێت.''
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی دا، ''دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت، حکومەتی فیدراڵی لەوەشدا نەرمی نواندووە و وازیان لە رۆژانە 400 هەزار بەرمیلی دیاریکراو لە یاسای بودجەدا هێناوە و ئێستا دەڵێن ئەو بڕە نەوتەی کە هەتانە 50 هەزاری بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی لێ کەم بکەنەوە و ئەوەی دیکەمان بۆ بنێرن، واتا ئەمە کارئاسانییە بۆ هەرێمی کوردستان.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ