رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک 250 بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن. کێبڕکێیەکی توند و بانگەشەیەکی گەرم شەقام و گەڕەکەکانی کەرکووکی گرتووەتەوە.
پارتی لە کەرکووک لە کۆی 24 بەربژێر، 11 ئافرەتی بەربژێرکردووە و ئەمەش یەکەمجارە لە کەرکووک ئەوەندە ئافرەتە بەربژێر بکرێت.
هەتاو هەمەوەندی، بەربژێری پارتی لە کەرکووک ئاماژە بەوە دەدات، "پارتی ئەزموونێکی زۆر جوانی هەیە لەگەڵ ئافرەت و ئەگەر تەماشای بکەیت لە کوردستان رۆڵی ئافرەت زۆر بەهێزە. ئافرەت و رۆڵی ئافرەت لەلای جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە، هەر لەبەرئەوە وەک پارتی ویستمان ئەو ئەزموونەی ئافرەت هەیەتی لە کوردستان بیهێنین و وەک دەستەخوشکردنی ئەم ئەزموونە لەناو کەرکووکدا جێبەجێی بکەین."
بەهۆی ناکۆکییەوە عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، ئەمجارە بە چوار هاوپەیمانێتی و دوو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. سەرۆکی دووەم گەورەترین هاوپەیمانێتی عەرەبی، سەرۆکەکەی تورکمانێکی شیعەی نەینەوایە.
قوسەی کامل، بەربژێری هاوپەیمانی حەسم: "ئەوەی بەلامانەوە گرنگە، راستی لەخۆگرتنی هاوپەیمانی حەسمە، دیدگەیەکی نیشتمانییە کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەخۆ بگرێت، لەژێر ناوی دەوڵەتی عێراقی نوێ کە ئامانجی کۆکردنەوەی عێراقییەکان بێت لەژێر یەک ئامانج و خزمەتکردنی خەڵک بەبێ گوێدان بە بۆچوونی حیزبی و عەشایەر و نیشتمانیی کەسەکان."
لەم هەڵبژاردنەدا نێوماڵی کریستیانەکانیش درزی تێکەوتووە و لە کەرکووک بە چوار لیستی جیاجیا و 11 بەربژێری سەربەخۆ بەشداری دەکەن.
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و 7768 بەربژێر کێبڕکێی بەدەستهێنانیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ