ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی: پارتی سبەی بە کەرناڤاڵێکی گەورە لە هەولێر دەست بە بانگەشە دەکات

11-10-2025
هەوار جەلالەدین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئومێد خۆشناو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی یەکشەممە "لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا، پارتی بە فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، بە ئەگەرێکی زۆر سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت و گوتاری دەبێت.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە کەرنەڤاڵەکەدا بۆ یەکەمجار ئۆرکێسترای پارتی پێشکێش دەکرێت لەگەڵ چەندین سروود و گۆرانی.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاهەنگێکی فراوانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکەن و بەرپرسانی باڵای پارتی لە سنوورەکە و سەرجەم بەربژێرەکان ئامادە دەبن.
 
رۆژی هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
 
لیزا فەلەکەدین گوتی، لای پارتی هەمیشە کەرکووک تایبەتمەندیی خۆی هەبووە و گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە، لەم هەڵبژاردنەشدا هاوشانی بازنەکانی دیکەی کوردستان، کەرکووک سەنگی خۆی لای پارتی دەبێت و ئامانجمانە جارێکی دیکە بیسەلمێنینەوە کە کورد هەرگیز دەستبەرداری ئەو پارێزگا گرنگەی خۆی نابێت.
 
د. سیروان عارەب، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەفتەی رابردووەوە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا و هەڵواسینی فلێکسەوە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی دەستی پێنەکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە