رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چوار بەربژێر لە دوای دوورخستنەوەیان دەگەڕێنێتەوە و چوار بەربژێری دیکەش دەگۆڕێت بە بەربژێری جێگرەوە کە یەکێکیان لە لیستی یەکێتییە و ئەوی دیکەیان بۆ جێگەى بەربژێرێک بووە کە کۆچی دوایی کردووە.
ئەو هەنگاوانەی کۆمیسیۆن لە سێ بڕیاردا بووە کە 9ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەریان کردووە و دەست رووداو کەوتوون.
سەرچاوەیەکی بەرپرسی کۆمیسیۆن دروستیی ئەو نووسراوانەی پشتڕاست کردەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆن بڵاو نەکراونەتەوە.
یەکێک لە بڕیاری گۆڕینی بەربژێرەکان لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە بۆ گۆڕینی 'رەوا یاسین' بەربژێری لیستەکە لە هەولێر بە بەربژێرێکی جێگرەوە بەناوی 'سروە موحسین' بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە.
رەوا یاسین بە رووداوی گوت:" راپۆرتی پزیشکیم پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە لە بارەی تەندروستیمەوە و و داوای گۆڕینم کردووە".
سێ بەربژێری دیکە بە نووسراوێکی جیا لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە گۆڕدراون کە دوویان لە هاوپەیمانیی عەزم بوون لە بەغدا و کەرکووک، سێیەمیان دانانی 'سیهام سلێمان' بووە لە هاوپەیمانیی تەفەوق لە ئەنبار لە جێگەی 'ئیبتیسام عەباس' بەربژێری هاوپەیمانیی تەفەوق کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کۆچی دوایی کرد.
لە یەکی تشرینی یەکەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد و بانگەشەی هەڵبژاردن دوو رۆژ دواتر دەستیپێکرد.
نووسراوێکی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ گەڕانەوەی چوار بەربژێری بازنەی بەغدا بووە لە دوای دوورخستنەوەیان کە ئەوانیش، حەمید هایس، بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا، سەعد خەلیل، بەربژێری هاوپەیمانیی حەسم، عەلی دیفاعی، بەربژێری ڕێکخراوی بەدر، نەسر عەبوودی، بەربژێری پارتی داعی بوون.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە رکابەری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ