رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، هەموو ئەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، پێیان وایە دەنگی ئەوان کاریگەری نابێت، هەڵەیەکی گەورە دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11- 11- 2025، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە مێژووی گەلەکەمان رۆژێکی گرنگە و خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان بانگهێشت دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری راستەقینەی خۆی؛ هەموو ئەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، پێیان وایە دەنگی ئەوان کاریگەری نابێت، هەڵەیەکی گەورە دەکەن."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشداریکردنی هەر کەسێک کاریگەریی تایبەتیی خۆی هەیە؛ ئەرکی نیشتمانی و تاکەکەسییە، پێویستە جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت: "بەرامبەر ئەوەش حکومەتی داهاتوو دەبێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات."
سەعدی پیرە تکا لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: "تکایە لە خەو هەستن و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و ئەمڕۆ ئێوە هەقی قسەتان هەیە."
سەبارەت بە ستایل و شێوازی کارکردنی سەرۆکی یەکێتییەوە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روونیکردەوە، "ئەو ستایلەی سەرۆکی یەکێتی پاڵنەری باش بووە بۆ گەنجان تاوەکو زیاتر و باشتر بەشداریی هەڵبژاردن بکەن."
لەبارەی ئەو بەربژێرانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگی پێدەدات، سەعدی پیرە گوتی: "ئەوان ئەرکیان قورسە و پێویستە کار بۆ مادە دەستوورییەکان بکەن و چالاکی بکەن؛ بەتایبەت مادەی 140 و مادەی فیدراڵین. ئەوەش بە کەسێک دەکرێت هێز و کەسێکی لە پشت بێت."
سەبارەت بە هاوپەیمانییەوە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەیدا، "هاوپەیمانیکردن ئاسان نییە لە وڵاتێکی فرەڕەنگ و فرەپێکهاتەی وەک عێراق؛ دابەشبوون و هەریەکە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات؛ بەڵام دواجار هەر دەبێت حکومەت دروست ببێت و ئەم وڵاتە حکومڕانی بکرێت."
سەبارەت بە یەکێتیی کورد لە بەغداوە، سەعدی پیرە دەڵێت، لە زیاتر لە 300 کورسی "نزیکەی 65 کورسیمان دەبێت، ئەگەر یەکگرتوو نەبین بچووکتر دەردەکەوین؛ بۆیە پێویستە ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و داکۆکی لە مافەکانی هاووڵاتییان گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ